٥٥٧ ژن بەهۆی پێنەدانەوەی قەرزەکانەوە لە زینداندان

بەرپرسی دەستەی ئەمینداری مەڵبەند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری دییە و یارمەتیدانی زیندانیانی پێویست، ڕایگەیاند کە ٥٥٧ ژن لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێران زیندانی کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکی دەستەی ئەمینداری مەڵبەندی گەل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری دییە و یارمەتیدانی زیندانیانی پێویست لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە لە کۆی گشتی ١٢ هەزار و ٥٦٥ تاوانی نائەنقەست، ٥٥٧ کەسیان ژنن، کە زۆربەیان ژنانی سەرۆکی خێزانەکانن، کە نەیانتوانیوە لە کاتی خۆیدا قەرزەکان بدەنەوە و بە هۆیەوە لە زینداندان.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، پارێزگای تاران بە ١١٧ زیندانی ژن و خوراسان ڕەزەوی بە ٥٣ ژن و فارس بە ٣٥ زیندانی، بەرزترین ڕیزبەندی زیندانیان هەیە.

 

بارودۆخی ئابووریی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ گوشارەکانی سەر خەڵکی زیاتر کردووە و کۆماری ئیسلامی کە هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نییە، خۆی بووەتە هۆکاری قەیرانی ئابووری لە ئێران.

 

زیادبوونی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە، کەمبوونەوەی توانای کڕین، قەیرانی دامەزراندن و نەبوونی داهاتی جێگیر لە ساڵانی ڕابردوودا وایکردووە خەڵکی ئێران نەتوانن ئەو کاڵایانە دابین بکەن کە پێویستیانە و خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە مەرجی کڕین و قیست و قەرز بە مەبەستی دابینکردنی کەمترین پێداویستی خێزانەکانیان کردووە.

 

لەم بارودۆخە مەترسیدارەی ئابووریی ئێراندا، خەڵکی کەم داهاتی کۆمەڵگا و چینی کرێکار، بەتایبەتی ژنانی سەرۆک و بەڕێوەبەری خێزان، کە زۆرجار کارێکی فەرمییان نییە، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.