لەیلا ئارزو ئیلهان: سارا بناغەیەک بوو بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد

لەبارەی خەباتی ساکینە جانسز، لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور وتی: تێکۆشانی ساکینە جانسز بووە بەڵێنێک بۆ بەرزکردنەوەی تێکۆشانی هەموو ژنان.

بەرژین کارا

 

مەخموور- لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، سێ ژنە تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسز "سارا" ، فیدان دۆغان "ڕۆژبین" و لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی" لەلایەن سیخوڕەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا تیرۆرکران، ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام حکومەتی فەڕەنسا هێشتا هیچی نەکردووە بۆ دادگاییکردنی تاوانباران.

 

لەیلا ئازرو ئیلهان، ئەندامی ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموور لەبارەی کەسایەتی و تێکۆشانی ساکینە جانسز، پێشەنگی ژنانی کورد بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد، کەسایەتی ساکینە جانسز هێزی تێکۆشانی بۆ ژنان بنیادناو وتی: کاتێک کەسێک کەسایەتی هاوڕێ سارا وەردەگرێت و هەڵدەسەنگێنێت، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ هاوڕێ سارا دەژی، بە ڕوونی دەتوانیت ئازاری ژنانی کورد ببینیت کە لەلایەن سیستمی دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێن، هاوڕێ سارا لە شوێنێکەوە هاتووە کە ژنانی کورد خۆیان لە بەردەکان فڕێدابوون بۆ ئەوەی جەستە و ڕۆح و هیواکانیان لەناو نەچن و نەکەونە دەستی داگیرکەران، ئەو خەڵکی دەرسیم بوو لە مێژووی گەلی کورد، شوێنێک کە هەمیشە دەیتوانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و خۆبەدەستەوەدان قبوڵ نەکات.

 

"تێکۆشانی لە زینداندا ڕۆحێک بوو بۆ زیادکردنی تێکۆشان"

لەیلا ئارزو لە قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی گەلی کورد کرد لە ساڵانی هەشتاکاندا و وتی: لەو کاتەدا چیتر ناوی کوردی ڕەچاو نەکرا و گۆڕدرا. بەڵام کەسایەتییەکانی وەک هاوڕێ سارا، ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی شۆڕشی ئازادی گەلی کوردیان کرد، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە دژی سیستەم راپەری و قبوڵی نەکرد کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەسەرماندا سەپێندراوە و لە دژی تێکۆشانی کردووە،  کاتێک ئەزموونی هاوڕێ سارا دەخوێنینەوە و سەیری دەکەین، بەتایبەتی لە هەشتاکاندا، کاتێک حکومەتی سەربازی لە تورکیا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر کوردستان وەک ئەوەی تۆڵە لە کۆمەڵگەی کوردی بکەنەوە، بەڵام هاوڕێ سارا وتی "دەتوانین لە دژی ئەم ستەمە تێبکۆشین دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین" لە ڕێگەی ئەم تێکۆشانەوە بەم شێوەیە لە زینداندا دەبێتە ڕێگایەک بۆ زیادکردنی تێکۆشان.

 

"تێکۆشانی ژنان لە کەسایەتی هاوڕێ سارادا دەبینرێت"

لەیلا ئارزو ئیلهان ئاماژەی بەوەکرد، بە ئامانجگرتنی ساکینە جانسز بە ئامانجگرتنی ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان گەشە دەکات، وتی: ئەمڕۆ پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ چیتر تەنها لەناو گەلی کورد و ژنانی کورددا نییە، بەڵکو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنداری لە پارادایم و هێڵی ئازادی ژنان دەکەن، نموونەی ئەوەش ئەوەیە کە ژنانی عەرەب چۆن لەگەڵ هێڵی ڕێبەر ئاپۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێدەکۆشن، دەبینین کە چۆن کۆمەڵگەکانی سەرانسەری جیهان، وەک ژنانی ئەمریکای لاتین، لە دەوری بیری ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبنەوە، دەبینین چۆن لە ئەوروپا کە ناوەندی پەراوێزخستنی ژنان و نەبوونی سروشتی ژنان و بیری ژنانە، ئەمڕۆ ژنان لە دەوری بیری ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبنەوە و گەشە بە تیکۆشان دەدەن و دەتوانین ئەم خەباتە لە کەسایەتی هاوڕێ سارادا ببینین.

 

"دەوڵەتی تورک هەمیشە بەشدار بووە لە هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی هێڵی ئازادی ژنان"

لەیلا ئارزو ئیلهان ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی بەرخۆدانەوە،  پێشەنگانی تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد هەمیشە لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئەو هێزانەوە کراوەتە ئامانج کە دەیانەوێت بزووتنەوەی ژنان لەناو ببەن، دوژمن هەمیشە بەشداربووە لە هەوڵەکان بۆ سەرکوتکردنی هێڵی ئازادی ژنان و ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ژنان لەم دۆزە بکشێنەوە، بە ڕوونی ئەمەمان لە دووەم کۆمەڵکوژی پاریسدا بینی، هاوڕێ ئەڤین گۆیی ئەو ژنە کوردەی کە پیشەنگی سوپای ژنانی کرد و لە دژی چەتە دڕندانەکانی داعش شەڕی کرد، کرایە ئامانج.

 

"دادگاییکردنی تاوانباران بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەدەستهێنانی سەرکەوتن ئەنجام دەدرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا ئارزو ئیلهان وتی: بە ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی ئەو تێکۆشانەی کە لەلایەن هاوڕێ سارا و هاوڕێ ئەڤینەوە ئەنجام دراوە، دەتوانین بکەران دادگایی بکەین کە دەزانین کێن، لەگەڵ گەشەکردنی تێکۆشانمان و بەرەوپێشچوون بەرەو سەرکەوتن، ئەمە مانای دادگاییکردنی بکەرو سیستمی بکەران دەگەیەنێت کە ئەمڕۆ کۆمەڵکوژی دڕندانە دژی ژنانی کورد و گەلی کورد ئەنجام دەدەن، ئەم دادگاییەی تاوانباران لە دەستی خۆماندا دەبێت، ئەمەش بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و گەیشتن بە سەرکەوتن ئەنجام دەدرێت.