١٨٠ کەس لە بوومەلەرزەکانی ژاپۆن گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی پارێزگای ئیشیکاوا لە ژاپۆن، کە بە گوڕی ٧.٦ پلەی ڕێختەر ڕوویدا، گیانیان لەدەستدا، گەیشتە ١٨٠ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکەی ١ی کانوونی دووەم بە گوڕی ٧.٦ پلەی ڕێختەر، کە لە پارێزگای ئیشیکاوا لە ژاپۆن ڕوویدا، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٨٠ کەس و گەڕان و ڕزگار کردنی هاوڵاتیانیش لە ژێر داروپەردوودا بەردەوامە.

 

٣ هەزار و ٣٠٠ کەس گیریان خواردووە
پارێزگاری ویلایەتی ئیشیکاوا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ٣ هەزار و ٣٠٠ کەس بەهۆی داخستنی ڕێگاکانی سەرتاسەری ویلایەتەکەوە گیریان خواردووە، زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس لەناو ناوەندەکانی پاراستندا پەنایان گرتووە.

 

لە لایەکی ترەوە دوای تەواوبوونی پشووی دوو هەفتەیی خوێندنی وڵاتەکە و پشووی فەرمی ٨ی کانوونی دووەم، ڕۆژی گەورە ساڵان، خوێنددن لە سەرتاسەری وڵات دەستی پێکردەوە، بەڵام لە ٨٠ قوتابخانە کە لە ئیشیکاوا زیانیان بەرکەوتووە، خوێندن دەستی پێنەکردووە.

 

کیشیدا فومیۆ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، تەرخانکردنی بڕی ٤.٧ ملیار یەنی ژاپۆنی، بەرامبەر بە ٣٣ ملیۆن دۆلاری لە بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٣ی بۆ دۆخی هەرێمەکە تەرخان کرد.

 

بەپێی ئاماری دەزگای کەشناسی ژاپۆن، لە نێوان ١-٥ی کانوونی دووەم، لە نیمچە دوورگەی نۆتۆ و کەنارەکانی ئیشیکاوای، چەندین بوومەلەرزە بە گوڕی ٥-٧.٦ پلەی ڕێختەر ڕوویانداوە.