١٥ هاوڵاتی مەدەنی لە سودان کاتێک ماڵەکانیان کرایە ئامانج گیانیان لەدەستدا

دوای گیان لەدەستدانی ١٥ هاوڵاتی مەدەنی لە خەرتوم کە ماڵەکانیان کرایە ئامانج، ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتە ١٠ هەزارو ٤٠٠ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا نزیکەی ٧ مانگە بەردەوامە، ١٥ هاوڵاتی مەدەنی لە خەرتومی پایتەختی سودان دوای ئەوەی ماڵەکانیان بۆردومان کرا گیانیان لەدەستداوە.

 

تەرمی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ماڵەکانیان کرایە ئامانج ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم  گەیشتە نەخۆشخانەی ئەلنو لە گەڕەکی ئومدورمان لە خەرتوم.

 

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی ناکۆکییەکانی وڵاتەکەوە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، ١٠ هەزارو ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی ڕێکخراوی ACLID، شەڕەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی ٦ ملیۆن کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

 

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەبوون و جوڵەی پەنابەران، لایەنەکانی ناکۆکییەکە ڕەتیان کردەوە لەسەر مێزی دانوستاندن ڕێککەوتن بکەن و وتووێژەکانی نێوان هەردوولا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا و سعودیە لە شاری جدە دەستیپێکردەوە بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان و گەیشتن بە ئاگربەست.