بەهۆی ڕەتکردنەوەی حجابی زۆرەملێ نێرگس محەمەدی نەبرایە نەخۆشخانە و چارەسەر نەکرا

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە زیندانی کراوەو تەندروستى تێکچووە، بە هۆی ئەوەى حجابی زۆرەملێی ڕەتکردەوە ڕەوانەى نەخۆشخانە نەکرا بۆ چارەسەر.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە ١٣ جار دەستبەسەر کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ بەبیانووی ئەوەی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەشداری ڕاپەرینی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد  دەستگیر کرایەوە و لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە.

 

بنەماڵەی نێرگس محەمەدی، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراواێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: بەڕێوەبەری زیندانەکە بە فەرمانی بەرپرسانی پلە باڵا، بۆ جاری دووەم ڕێگەیان نەداوە نێرگس محەمەدی بچێتە نەخۆشخانەی دڵ، چونکە لەچکی نەکردووە.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە تیمێکی پزیشکی چوونەتە زیندانی ئەڤین بۆ پشکنینی نێرگس محەمەدی، بەرپرسانی زیندانەکە ئامادە نەبوون کە نێرگس محەمەدی بەبێ لەچک ببەن بۆ پشکنین و چارەسەر.

 

بنەماڵەکەی ئەوەیانخستووەتەڕوو، نێرگس محەمەدی تەمەن ٥١ ساڵ بەهۆی کێشەی دڵ و سییەکان پێویستی بە چاودێریی بەپەلە هەیە، تەنانەت ئامادەنییە بۆ تیمارکردنی خۆی حجابی زۆرەملێ بکات و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.