کەسێک بە تۆمەتی بڕینەوەی دار دەستگیر کرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی بڕینەوەی ٥٠ دار دەستگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوى کردەوە، هاوڵاتییەک لە سنووری دۆڵی دووکانیان دەستگیر کرا، بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی لە جۆری بەڕوو، کە ٥٠ داری بڕیوەتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە ئامادە کراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بە مەبەستى وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی، دەشڵێن: بە ئامانجی پاراستنی سروشت و ژینگەی سنوورەکەیان کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تانجەڕۆ لە گەڕان و پشکنینی بەردەوام دان و ڕێگری لە سەرپێچیکاران دەکەن.

 

جێی ئاماژەیە، تێکدانی سروشتی کوردستان بەهۆی نەبوونی هۆشیاری لەلایەن هاوڵاتییانەوە، بووەتە مەترسی لەسەر ژینگەی کوردستان و ساڵانە جگە لە سووتانی پوش و پاوانەکان، سەدان دار دەبڕدرێنەوە.