وشکەساڵی ماسییەکانی عێراق بەرەو لەناوچوون دەبات

ملیۆنان ماسی لە عێراق دەمرن، لە کاتێکدا ئاستی ڕووباری دیجلە کە دەچێتە ناو عێراقەوە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە تێکڕای ٪ ٣٥ی دابەزیووە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی مردنی ملیۆنان ماسی کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق کەوتوونەتە کەنار دەریاکان، ماسییەکان بەهۆی پلەی گەرمای بەرز، وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئۆکسجینی ئاوەوە لەناوچوون.

 

ماسییەکان بە مردوویی  لە کەناری ڕووباری ئەمشان لە شارۆچکەی مەجەڕی پارێزگای میسان کەبیر کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران دۆزراونەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێتێرنەری بەغدا بڕیاریدا لیژنەیەك پێكبهێنێت بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی لەمردنی ئەو ماسییانە و هاوکات ئەمڕۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ڕاگەیەندرا.

 

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو، ناوچەکە شوێنی زۆلکاوەکانی عێراقە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت، گۆڕانە ژینگەییەکان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەهەڵمبوون، لە ئەنجامدا زیادبوونی خوێ و کەمبوونەوەی ئۆکسجین بۆ ئاستی سفر بووتە هۆی لەناوچوونی ماسییەکان.

 

کەمبوونەوەی بارانبارین لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا و بەنداوەکانی سەرەوەی ڕووبارەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی ڕووباری دیجلە و فورات کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا گەشەیان کردووە خاوەنی مێژوویەکی دێرینی ناوچەکەن.

 

لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە عێراق وەک یەکێک لە پێنج وڵاتی جیهان ڕیزبەندی کراوە کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵی و زریانی تۆز بەردەوام ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە.

 

گرتنەوەی پشکی ئاوی عێراو لە لایەن دەوڵەتی تورکیا بووەتە هۆی دابەزینی ئاوی ڕووبارەکانی عێراق و چەندین کارەساتی ژینگەیی بۆ خەڵکی ناوچەکە لێکەوتووەتەوە، مردنی ماسییەکانیش بەهۆی کەم ئاوی دەرەنجامی گرتنەوەی ئاوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی عێراق.