چوارشەممە سوور و هەڵگیرسانی ئاگری شۆڕش

بە هاتنی دوایین چوار شەممەی ساڵی  ١٤٠١  هەتاوی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بانگەوازی بەردەوامی ئازادیخوازان بۆ داگیرساندنی ئاگری شۆڕش، کەشێکی ئەمنی لە زۆربەی شارەکاندا زاڵ کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چەند ڕۆژێکە بۆ ڕێوڕەسمی چوارشەممەی کۆتایی ساڵ خۆیان بۆ " چوارشەمەی سوور" ئامادە کردووە، هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان لە زۆربەی شارەکان بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان جێگیر کراون.

 

بە پێی وێنە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە سنە، مەهاباد، کرماشان، ئیلام، کامیاران، پاوە، جوانڕۆ، سەردەشت و شارەکانی دیکە، سەرەڕای کەشێکی ئەمنی توند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، شەقامەکان لەلایەن گەنجان و ئازادیخوازانەوە کۆنترۆڵکراوە و بە داگیرساندنی ئاگر ڕێگاکانیان داخستووە.

 

لە شارەکانی دیکەی ئێران لەوان تاران، ئەسفەهان، شیراز، ئەهواز، مەزەندەران، مەشهەد، یەزد، تەبرێز، کرمان، قەزوین، قوم و شارەکانی دیکە، گەل هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ئاگریان داگیرساندووە بۆ پێشوازیکردن لە چوارشەمە سووری کۆتای ساڵ.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێستا شۆڕشی ئازادیخوازان لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران پێک هاتووە و ڕژێمی ئێران هێزەکانی خستوەتە ئامادەباشیەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی گەل.