"تا ئازادی بەدەستدێت بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان"
لەگەڵ درێژەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێران، دروشمی "سوێند بە خوێنی هاوڕێکانمان تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین" لە شەقامەکاندا دەنگ دەداتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، زیاتر لە ٥ مانگە بەردەوامە، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕژێمی ئێران، خۆپیشاندانی شۆڕشگێڕان هەموو شەوێک بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە.
لە سنە، تاران، کامیاران، مەشهەد، کەنگاوەر، کرمان، بروجەرد، کیش شەوی ڕابردوو چالاکیی ناڕەزایەتی بەردەوام بوو. خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، تۆڵەی ئەو شەهیدانەیان دەکەنەوە کە لە ڕێگای ئازادی گەلدا گیانیان لەدەستداوە و تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.
لە شارەکانی سنە و چابەهار خۆپیشاندەران ئاگریان لە بارەگای بەسیج بەردا و لە شارەکانی کەرەج و تاران دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" بەرزکرانەوە.
هەروەها لە شارە جیاجیاکانی ئێران لافیتە و ئاڵای ڕژێمی ئیسلامی دڕێندرا و سووتێنران.