"دادگایکردنی چیچەک کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشێلکردنی یاساکانی جیهانە"
حەنیفە محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمیتەی دادی ژنانی کانتۆنی قامیشلۆ وتی: دادگاییکردنی چیچەک کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشێلکردنی یاسای جیهانییە.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ساڵی ٢٠١٩دا ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاری بۆ سەر شاری سەرێکانی و گرێسپی دەستپێکرد و وێرانکاری و کاری نامرۆڤانەی دژ بە هاوڵاتی مەدەنی ئەنجامدا، لە ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە، دوزگین تەمۆ، لەکاتی بەرگریکردن لە خاک و بەرخۆدانیدا لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە گوندی مەشرەفی سەر بە عەین عیسا برینداربوو و پاشان ڕفێنرا.
دیمەنی چیچەک کۆبانێ کە چەتەکان دەستگیریان کردووە و بە دەوریدا کۆبوونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی ژنان و ترساندنیان، بەڵام ئیرادەی ژنان بەوە نەشکا و بە هەزاران چیچەک کۆبانێ بەرخۆدان دەکەن.
دوای سێ ساڵ لە دیلگرتنی چیچەک کۆبانی دادگای تورکیا سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند، حەنیفە محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمیتەی دادی ژنانی کانتۆنی قامیشلۆ وتی: دادگاییکردنی چیچەک کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشێلکردنی یاسای جیهانییە.
"لە کاتی ئاڵۆزییەکانی سوریادا ئێمە وەک گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی بەرخۆدانی مەزنمان بۆ پاراستنی خاکەکەمان لە مەترسی کرد، دوای ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەبەری خۆسەر ئاواکرا، کچ و کورەکانمان چەکیان هەڵگرت و پاراستنی وڵاتیان دەستپێکرد، بەڵام دەوڵەتی تورکیا وەک دراوسێیەک نەبوو، بەڵکو وەک دوژمنی سەرەکی دەستی بە هێرشکرد بۆ سەر هەموو خاکی سووریا کرد بەتایبەت هەرێم و ناوچەکانی کوردان، ئەگەرچی یاساکانی جیهان ڕێگەنادات بێ ماف و دەستوور دەوڵەتێک سنور ببەزێنێت و داگیرکاری بکات، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەموو یاساکان پێشێلدەکات".
"بە چ مافێک دەوڵەتی تورکیا سزای ژنێکی ناتورک دەکات؟"
حەنیفە محەمەد ناڕەزایی خۆی لە سزادانی ژنێک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەدات کە بە بنەڕەت هاوڵاتی تورکیا نییە و وتی: دەوڵەتی تورک هەبوونی هەرێمی باشووری کوردستان بە هۆکاری بێدەنگی خۆی پێناسە دەکات، بۆیە هێرشدەکاتە سەر ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی هەرێمێکی سیاسی دروستنەبێت، بەو هێرشانەش چەند شارێکی ڕۆژئاوای کوردستان وەک عەفرین و گرێسپی و سەرێکانیی داگیرکرد، لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی، چیچەک کۆبانێی کورد، کە بۆ پاراستنی شارەکەی شەڕی دەکرد، دەستگیرکرد و کردیە زیندانی دەوڵەتی تورکیاوە، کوا مافی مرۆڤ؟.
ئەو بەڕێوەبەری کۆمیتەی دادی ژنانی قامیشلۆ، ئاماژەی بەوەشدا دەوڵەتی تورکیا چۆن دەتوانێت ژنێک لە وڵاتێکی تر دەستگیر بکات و سزای بدات کە نەچووەتە خاکی تورکیا و لە خاکی وڵاتەکەی خۆیەوە بەرگری کردووە، "چیچەک کۆبانێ بەشێوەیەکی دوور لە مرۆڤایەتی و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە بەردەم چاوی جیهاندا دەستگیرکرا و وێنەکانی بڵاوکرانەوە، ئەو ژنە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە چ مافێک دادگایی دەکرێت و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە؟".