کۆبانێ لە دژی داگیرکاری و خیانەت ڕێپێوانی کرد

پێکهاتە کورد و عەرەبەکانی هەرێمی فورات لە دژی هێرش و جموجوڵی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان ڕێپێوانیان کرد.

کۆبانێ

 

ڕۆژی ١٧ی نیسان دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە و حکومەتی عێراق هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر باشوری کوردستان و شەنگال، دژی هێرشەکان دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو ڕۆژێک ڕێپێوانی جەماوەری لە شارەکاندا ڕێکدەخەن.

 

ئەمڕۆش هاوڵاتیانی پێکهاتەی کورد و عەرەب بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە هەرێمی فوراتی کۆبانێ بە بەشداری هەزاران کەس ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان دژی داگیرکاریی و خیانەت بە دروشمی "بە ئیرادەی گەل و گەریلا داگیرکاری و فاشیزم و خیانەتی پەدەکە تێکدەشکێنین" ڕێکخست.

 

دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان، فریاز بەرکەل لەسەر ناوی خانەوادەی گیانبەختکردووان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: لەم چالاکییەدا قسەی سەرەکیمان "بژی بەرخۆدانی گەریلا"ە، ئەو گەریلایانەی کە هێڵی ئازادی و حەقیقەتیان هەڵبژاردووە، بێگومان سەرکەوتن ئامانجی ئێمەیە، بانگەوازی ئێمە بۆ گەل ئەوەیە کە پێکەوە وەڵامی ئەو هێرشانە بدەینەوە و دەستکەوتەکانمان بپارێزین، ئێمە هیچ هیوایەکمان بە هیچ هێزێکی دەرەکی و هەرێمی نییە، هێز و باوەڕمان شەڕڤانانمانە.

 

ژنانی بەشداربووی ڕێپێوانەکە بۆ ئاژانسی نوژنها دووان و ئاماژەیان بەوەدا کە دەبێت هەمووان خاوەنداری لە ناسنامەی خۆیان بکەن، کاتێکیش باسی کوردایەتی دەکرێت، دەبێت کورد بین و نەکەوینە ڕیزی دوژمنەوە، ژنان ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد و وتیان: :پەدەکە هاوکاری هێرشەکان و دوژمن دەکات و زیان بە دەستکەوتەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت".