خۆبەخشانی تەندروستی سلێمانی و وانەبێژانی دهۆکیش گردبوونەوە

بەهۆی دامەزراندنی نایاسایی ١٠٠ کارمەند لە ناوەندە تەندروستییەکانی زاخۆ، خۆبەخشانی تەندروستی لە سلێمانی گردبوونەوە، لەلایەکی دیکەشەوە وانەبێژانی دهۆک لە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ يەکشەممە، بەشێک لە خۆبەخشانی تەندروستی دژی بڕيارێکی سامان بەرزنجی وەزيری تەندروستی بۆ دامەزراندنی ١٠٠ کارمەند لە ناوەندە تەندروستييەکانی زاخۆ گردبوونەوە، ئەو خۆبەخشانە ئاماژە بەوەدەکەن کە چەند ساڵێکە ئەوان وەک خۆبەخش کاردەکەن، بەڵام تا ئێستا هيچ بڕيارێکی دامەزراندن سنووری سلێمانی نەگرتووەتەوە.

 

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە مامۆستایانی وانەبێژی پارێزگای دهۆك لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەكەن و جەختلەوە دەكەنەوە، دامەزراندن تەنها بۆ ئەوان نییە.
 

ئەوەشیان خستەڕوو کە دامەزراندن بۆ كوڕە شەهید و تاقانەی ئەنفال و كوڕە هەژار نییە، بەڵام ئاگادارن بە نووسراوی نهێنی دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردە هەیە، لە کاتێکدا نزیكەی ٢٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ لە سیستمی پەروەردە هەیە و لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوودا یەك مامۆستا دانەمەزراوە.