"دەبێت پارێزگاری لە دەستکەوتی چەندەها ساڵەی گەلی کورد بکرێت"
لە باشووری کوردستان دژی داگیرکاریی ڕێپێوانێک ڕێکخرا، سەدان کەس لە توێژە جیاوازەکان بەشدارییانکرد و ژنانیش پەیامی خۆیان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد دووپات کردەوە.
سلێمانی
لە باشووری کوردستان دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانێک ڕێکخرا، سەدان کەس لە ژنان، گەنجان، چالاکوانان، ڕۆشنبیران و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد و ژنانیش دروشمەکانیان دەوتەوەو پەیامی خۆیان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد دووپات کردەوە.
سەمیرە سەعید، ڕاگەیاندنکار باسی لە گرنگی ڕۆڵی میدیا کرد لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و خزمەتکردن بە دۆزی کورد و وتی: "میدیا دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت بەتایبەتی لەم کاتەدا کە هێرشەکان تەنها بۆ سەر پارتی کرێکاراکانی کوردستان نیە بەڵکو بۆسەر باشووری کوردستان و سەرجەم دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، بۆیە دەبێت مەترسییەکان بە چاوێکی ڕاستییەوە بگوازرێتەوە نەک ئەوەی هەر میدیایەک لایەنگری حیزبێک بکات ئەمەش زیان لە دۆزی ڕەوای کورد دەدات، دەبێت میدیا ئەرکی سەرەکی خۆی ببینێت و خاوەنداری لەو بەرهەمە بکات کە ساڵەهایە بۆ ئێمە ماوەتەوەو هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستان پەرەی پێنەدرێت تا چیتر سنوورەکان لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا نەمێنێت".
سەمیرە ئاماژەی بەوەدا نابێت باشووری کوردستان ببێتە هێڵی خیانەت و وتی: "بە پێی ئەو بەڵگانەی کە هەیە و ئەو زانیاریانەی ئاشکرابووە لەسەر ئەو سەردانە یەک لە دوای یەکانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تورکیا دەیکات، دەرکەوتووە کە ئامانجی تورکیا خاکی باشووری کوردستان و دەستکەوتەکانیەتی چونکە جوگرافیایەکی دەوڵەمەندی هەیە و وزەی سروشتی تیادایە و بە پێی ئەو ڕاگەیاندنانەی ڕۆژانە گوێمان لێدەبێت و دەیبینین هێڵی خیانەت کە پەدەکە هەڵیبژاردووە زیان لە خۆی و ئەو تێکۆشانە دەدات کە ساڵەهایە لە کوردستان بەڕێوە دەچێت".
هاژە محەمەد ئەندامی تەڤگەری ئازادی کوردستان وەک هاوڵاتییەک کە بەشداری لە ڕێپێوانەکە کردبوو وتی: " لەم دۆخەی ئێستادا دەبێت میلەتی کورد هەڵوێستێکی گرنگ بنوێنێت و دەبێت هەموو کەسێک لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، داواکارم ئەو پێشمەرگە و ئاسایشانەی کار بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن وەک کوردێک دەبێ بەرەوڕووی گەریلا نەبنەوە و لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندا کار نەکەن و هەڵوێستیان هەبێت، بێنە سەرشەقام و بەرگری لە خاک و نیشتیمانیان بکەن نابێت بیدەنە دەستی دوژمن".
هاژە پەیامی خۆی بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان دووپات کردەوە و وتی: " تورک دەیەوێت خاکی باشووری کوردستان بکاتە ئامانج بەڵام خەیاڵیان خاوە چونکە ئێمە بەرگری دەکەین و نایدەینە دەستی دوژمن، ژنانی ئازادیخواز دەبێت بێنە سەرشەقام و بەرگری لە خاک و نیشتیمانیان بکەن".
پەری قەرەداغی وەک هاوڵاتییەک داوای کرد کە هەموو میللەتی کورد هەڵوێست بنوێنن و وتی: "هیوادارم گشت نووسەران و شاعیران و ڕۆشنبیران بە گشتی هەڵوێستی خۆیان بنوێنن و ئەم ڕێپێوانە بەردەوام بێت تا ئەو داگیرکاریە دژ بە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە بوەستێندرێت، یەکگرتوویی گەلی کورد زۆر پێویستە ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین هیچ هێزێک ناتوانێت لەناومان بەرێت و دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین".