"دەبێت دەستبەجێ لیژنەکانی لێکۆڵینەوە پێکهێندرێن و دادپەروەری جێبەجێ کرێت"
ژنانی شنگال کە بەشدارییان لە ڕووداوی ساڵڕۆژی فەرمانەکەدا کرد، دەڵێن: حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، چارەنووسی هەزار و ٧٠٠ دیل و کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بێدەنگە و دەبێت لیژنەکانی لێکۆڵینەوە پێکهێندرێن.
شنگال
لە ساڵڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، لەو چالاکییانەی لە شنگال بەڕێوەچوون، جارێکی تر کەموکوڕییە کولتووری و کارگێڕییەکانی ناوچەکە خرانە ڕوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان، نوێنەرانی ناوچەکە و ئەو ژنانەی لە چالاکییەکاندا قسەیان کرد، وتیان، کە هێشتا هەنگاوی جدی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، گەڕانەوەی کۆچبەران و چارەسەرکردنی دۆسیەی ونبووان نەهاتوونە جێبەجێکردن، لە سەرجەم یادکردنەوەکانی ئەمساڵدا سووربوون لەسەر لێپرسینەوە و دادپەروەری دەربڕرا.
یوسرا خەلیل، پزیشکێکی عەرەب کە لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئێزدییەکان دەکات، سەرنجی خستە سەر ژنانی ئێزدی کە هێشتا دیلن و وتی: پێویستە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرێت، دایە قیمەتیش سەرنجی خستە سەر ماف و ناساندنی گەلی ئێزدی لەسەر خاکی عێراق.
”عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تا ئێستا هیچ شتێکی نەکردووە”
یوسرا خەلیل بەشدارییەکەی لە ڕێوڕەسمی فەرمانەکەدا بە شانازی ناوبرد و وتی: ئەوەی ڕوویداوە زۆر بە ئازارە، سەرەڕای ئەمەش تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەکردووە، تا ئێستا هیچ بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران نەکراوە، هیچ لیژنەیەک بۆ ئەو نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کچ و کوڕانە دانەنراوە کە بە دیل گیراون، نەدۆزراونەتەوە و بە خێزانەکانیان شاد نەکراونەتەوە، ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر چارەنووسی ئەو دیلانەی دەست داعش نییە، داواکاریی ئێمە لە حکومەتی تازە پێکهێنراوی عێراق ئەوەیە کە هەنگاوێکی ئەرێنی بنێت بەرەو ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و بە تایبەتی یاسایەکی تایبەت دەربکرێت بۆ کۆتایی هێنان بەم وتارە ڕق و کینەیە دژی ئێزدییەکان.
”دەبێت لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ژنانەی ئێزدی کە دیلن پێکهێنرێن”

یوسرا خەلیل ئەوەی خستە ڕوو، کە دەبێت لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ژنە ئێزدیانەی کە هێشتا دیلن پێکهێنرێن بۆ ئەوەی بدۆزرێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ لای خێزان و کۆمەڵگەکەیان، سەبارەت بەو کەسانەی کە تاوانیان بەرامبەر ئێزدییەکان کردووە وتی: دەبێت ئەو کەسانەی ئەم تاوانەیان بەرامبەر ئێددییەکان کردووە هەم لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و هەم لە دادگاکانی عێراق دادگایی کرێن، هەروەها جێبەجێکردنی دادپەروەری بۆ گەلی ئێزدیمان کە زۆر ئازار و ناهەنگی کێشاوە گرنگە، دەمەوێت ئەمەش بڵێم؛ کە گەلی ئێزیدیمان ئەو گەلەی پێش فەرمانەکە نییە. بە ئیزنی خودا ئێمە تێدەکۆشین و بەرگری دەکەین و بەهێز دەبین. هیوادارین دادپەروەری شوێنی خۆی بگرێتەوە.
”گۆڕی بەکۆمەڵی زۆر هەن کە نەکراونەتەوە”

دایە قیمەت کە بەشداری ڕێوڕەسمی بازاڕی کۆن (سوولقی کۆن) بووە، باسی لەوە کرد، کە لەو بازاڕەدا زوڵم و ستەمێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێزدی و لە منداڵانی کچ و ژنانی ئێزدی کراوە و وتی: لەو بازاڕەدا بە سەدان منداڵی کچ و کوڕمان شەهید کران، سەرجەم شەهیدەکانمان بە بیر دەهێنینەوە و نوێیان دەکەینەوە، هیوادارین لە خودا و ئەم جەژنە تێپەڕیوە کە دیلکەکان ڕزگاریان ببن و بگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان، لە فەرمانەکەدا هەزاران کەس کەوتنە دەستی داعش کە هیچ حیسابێکی بۆ کەس نەدەکرد، دەیوت ئەمە منداڵە، گەنجە، بە تەمەنە، بەو شێوەیە دوای یەک کەوتن و بە دیل گرتیانن، هیچ بەها و پێوەرێکیان بەکارنەهێنا، ئەوانەی لەگەڵ خۆیان بردنیان یان کوشتنیانن یان کەس نازانێت لە کوێن.
دایە قیمەت سەبارەت بە بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش وتی: تا ئێستاش گۆڕی بەکۆمەڵ لەسەر خاکەکەمان هەن و کەس سەری خۆی پێ بە ئێش ناکات، ئێسقانەکانمان هێشتا لە بەغدان، خێزانەکان هەموو ڕۆژێک هاوار دەکەن بۆ ئەوەی ئێسقانەکانیان بۆ بهێننەوە، لە فەرمانەکەدا منداڵ کوژران، ڤەتەمەنەکان کەوتنە ژێر پێکان، وەک گورگی دەمخوێن کەوتنە ناو گەلی ئێزدییەوە.
”ئێمە دەخوازین دیلەکانمان ئازاد کرێن و ئێسقانی مردووەکانمان بدۆزرێنەوە”
لە کۆتایی قسەکانیدا، دایە قیمەت بانگەوازی لە دامەزراوەو کەسایەتییەکانی مافی مرۆڤ کردو وتی: تا ئێستا هیچ مافێکی ئێزدییەکان نەدراون، دەبێت ئێوەش ڕێگە نەدەن مافەکانمان ون ببن، تا ئێستا ئێزدییەکان مافی هیچ کەسێکیان نەخواردووە و زیانیان بە هیچ کەسێک نەگەیاندووە، ئێمە تەنها داوای مافەکانی خۆمان دەکەین، داوای ئازادکردنی دیلەکانمان و دۆزینەوەی ئێسقانەکانمان دەکەین، وتمان: ئێمە عێراقین. با مافەکانمان بدەن، ئێمە لە دەوڵەتی عێراق داوا دەکەین کە ئێزیدییەکانیش وەک هەر نەتەوەیەک مافەکانیان لەم وڵاتەدا بەدەست بهێنن، دەبێت لە دەستوورەکەیاندا ئەمە دیاری کرێت. بە چاوێکی کەم سەیری ئێمە دەکەن، ئێمە کۆمەڵگەیەکی پاکین، ستەم و زۆرداری لە کەس ناکەین. تەنیا دەمانەوێت مافەکانمان بدرێن و شوێنمان لە عێراقدا دیاری بکرێت.