دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵات: بۆ مافی ژیان یەکبگرن

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەیان بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و داوای پشتیوانی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بوون، پژاکیش پشتگیری لەو بانگەوازە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندراوێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردەو و داوای پشتیوانی بەرفراوان دەکەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان.

 

دایکان ڕایانگەیاند کە لەسێدارەدان نەک تەنها هەڕەشە لە تاکەکان دەکات، بەڵکو مەترسی لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەو کەرامەتی مرۆڤایەتیش دروست دەکات.

 

دایکانی ئاشتی نیگەرانی خۆیان بۆ ژیانی منداڵەکانیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەش لە دژی سیاسەتەکانی سێدارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پەرەی پێبدرێت.

 

دایکانی ئاشتی بانگەوازیان کرد

دایکانی ئاشتی داوایان لە پارتە سیاسییە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، بەسەر جیاوازییەکاندا زاڵبن و مافی ژیان بپارێزن، پێویستە دەستبەجێ لەسێدارەدان ڕابگیرێت، فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکرێت، هۆشیاری جیهانی بەهێزتر بکرێت و پشتیوانی لە کەسوکاری زیندانییەکان بکرێت.

 

دایکانی ئاشتی ڕایانگەیاند کە خەبات لە دژی نادادپەروەری، ستەم لە ڕێگەی یەکڕیزی و چالاکی بەکۆمەڵەوە مسۆگەرە.

 

پشتیوانی لە پژاکەوە

پژاک پشتیوانی لە بانگەوازی دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ڕێوار عەودانان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پژاک لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەوان گرنگی بە بانگەوازی پشتیوانی بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لەلایەن دایکانی ئاشتی دەدەن.

 

ڕێوار عەودانان وتی: دایکانی ئاشتی کوردستان داوای پشتیوانی و هاوکاریمان کرد بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، وەک پژاک، دایکانی ئاشتی زۆر بە گرنگی دەزانین هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ هەموو گەلی کورد، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە پشتیوانی بانگەوازەکەیان دەکەین.