دایکانی ئاشتی پشتگیریان لە چالاکیی 'دیواری ئاشتی' لە هاتای کرد
هولیا کاڤوک، ئەندامی ئەنجومەنی دەم پارتی ڕایگەیاند، دایکانی ئاشتیش بەشدارییان لە چالاکیی 'دیواری ئاشتی'دا کردووە کە بۆ پشتیوانیکردن لە کوژرانی ژنانی عەلەوی لە سووریا بەڕێوەچوو.

بنەڤش ستێرک
ئەنتاکیا-دەستپێشخەری ژنان بۆ سووریا بۆ ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان و کوشتنی ژنان لە سووریا، لە ناوچەی سەمەندەگی هاتای بۆنەیەکی ڕێکخست، ئەو ژنانەی لەبەردەم PTT کۆدەبوونەوە لە زۆر شارەوە هاتبوون، لێرە دیوارێکی ئاشتی دروستکرا، پاشان ژنەکان چوونە گۆڕی خزیر، لێرەدا پانکارت کە لەسەری نووسرابوو "عەلەوی دەکوژرێت، ژن لە سووریا دەڕفێنرێت. ئێمە بێدەنگ نابین" بەرز کرایەوە، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "رزگاری بە تەنیا بەدی نایەت، تەنیا پێکەوە یان بە هیچ کەسێک"، "بێدەنگ بن، نۆرەی ئێوەیە"، "بژی هاودەنگی ژن" بە چەپڵەو هەلهەلە ڕێپێوانیان کرد.
دایکانی ئاشتی بە لەچکەکانیانەوە بەشداریان کرد
هەروەها دایکانی ئاشتی لە چالاکییەکەدا جێگەی خۆیان گرت و لەچکە سپیەکانیان لەسەردا بوو، پشتگیریان لە ژنانی عەلەوی کرد، هولیا کاڤوک، ئەندامی ئەنجومەنی دەم پارتی کە هاوکات ژنێکی عەلەوییە، سەبارەت بە ئامانجی چالاکییەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئەو بۆنەیە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەکانی عەلەوی بەڕێوەچووە، ئامانجمان ئەوەبوو دەنگی ژنانی سووریا ببیستین، گەیاندنی دەنگی ئەوان بوو بە هەموو جیهان. ئەمە بۆنەیەکی هاوبەش بوو، سەدان ژن بەشدارییان لە بۆنەکەماندا کرد لە سەمەندەگ.
"زیاتر لە ١٥٠ ڕێکخراوی ژنان پاڵپشتی چالاکییەکەیان کرد"
هولیا ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی سێ کیلۆمەتر بەپێ ڕۆیشتوون و دواتر لە بەردەم گۆڕی خزیر ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانییان دا وتیشی: جوانترین شت لەم بۆنەیەدا دایکانی ئاشتی بوو، ئەوانیش لەم بۆنەیەدا بوون و پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی عەلەوی نیشان دا، زیاتر لە ١٥٠ ڕێکخراوی ژنان پشتیوانی ئەم بۆنەیەیان کرد، ئەم بۆنەیە بەڕاستی بۆنەیەکی جەماوەری بوو کە تەڤگەرەکانی ژنانی تورکیا و تەڤگەری ژنانی کوردستان و ژنانی عەلەوی پێکەوە دەنگی خۆیان بەرزکردەوە.
"ژن پێکەوە بەهێزترن"
هولیا ڕایگەیاند کە ئەمە هەنگاوی یەکەم بووەو دەربارەی پلان و پڕۆژەکانی خۆی بۆ داهاتوو وتی: لە ئێستا بەدواوە بەردەوام دەبین لە یەکدەنگیدا، دەزانین خەباتی ژنان ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، لە سایەی ئەم چالاکییەدا جارێکی دیکە بینیمان یەکڕیزی و خەباتی هاوبەش چەندە بەنرخ و گرنگە، ڕەنگ و زمان و ڕەگەز هیچ سنوورێکی نییە، خەباتمان تا ئەو ڕۆژە بەردەوام دەبێت، شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی دێت و ئێمە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەژین، ئێمەی ژنان پێکەوە بەهێزین و پێویستمان بە ئاشتییە تا خوێنڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێبێت.