دایکانی ئاشتی لە ئەنقەرە هاواریان کرد: ئەم چەتانە بۆ تورکیاش دەبنە بەڵا

دایکانی ئاشتی کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە چوونەتە ئەنقەرە، ڕایانگەیاند، کە چەتەکانی هەتەشە بەردەوامی چەتەکانی داعشن و ئەو چەتانە لە داهاتوودا دەبنە بەڵایەک بۆ تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکانی ئاشتی، ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە هێرشەکانی هەتەشە و گروپە چەتەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب دەربڕی، کە لە شارەکانی باکوور کوردستان و تورکیاوە هاتبوون و لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، دایکانی ئاشتی لە ناوچەی چانکایا لە ئەنقەرە لەبەردەم وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە، هەروەها دایکانی ئاشتی پانکارتیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو "ئێمەی دایکان ڕێگە بە شەڕ نادەین" و دروشمی "ڕۆژئاوا کەرامەتمانە"، "شەڕمان ناوێت"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات"یان بەرزکردەوە و تاجە گوڵینەی ڕەشیان دانا، هەروەها ئەو دایکانە وێنەی زەیاد حەلەبیان بەدەستەوە بووە کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود گیانی لەدەستداوە.

 

دایکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە  و لەناو گەمارۆی پۆلیسدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "شەهیدان نامرن"، "شەڕمان ناوێت، ئاشتیمان دەوێت" و "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود"یان وتەوە، هەروەها پۆلیس ڕێگەی نەدان بچنە دەروازەی وەزارەتی دەرەوە.

 

''با هاکان فیدان دەست لەکار بکێشێتەوە''

هاڤا کیران، دایکی ئاشتی، سەرەتا بەناوی دایکانەوە قسەی کرد، وتی: ئەوان بۆ ئاشتی هاتوونەتە ئەنقەرە، بۆ دایکان منداڵەکانیان پیرۆزترینن، ئێمەی دایکان لێرەین بۆ ئەوەی منداڵی هیچ دایکێک نەمرێت، کەس وەک کورد موسڵمان نییە، ژنێک کوژرا و لە باڵەخانەیەک فڕێدرایە خوارەوە، ئەوە ئیسلام نییە، ئێمەی دایکانی ئاشتی لە هیچ بەشێکی وڵات شەڕمان ناوێت، بە پرۆسەی ئاشتیدا تێدەپەڕین، داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەین، منداڵی کورد مەڕ نییە سەرببڕدرێت، داوا لە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و تورکیا دەکەین ئەم شەڕە ڕابگرن، ئەم شەڕە هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە، ئێمە وتمان با ئاشتی هەبێت، دیموکراتیک، خەبات لە ئەنقەرە دەستی پێکرد و چارەسەریش لێرەدا دەدۆزرێتەوە، هەر بۆیە هاتووین بۆ ئێرە، ئێمە دەمانەوێت شەڕ بوەستێت و ئاشتی بەدی بهێنرێت و داوا لە هاکان فیدان دەکەین دەست لەکار بکێشێتەوە.

 

''بازرگانی لەسەر خوێنی کورد مەکەن''

ئامین ئێرەن،دایکی ئاشتی، داوای لە سەرکردەکانی تورکیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، وتی: ئەمڕۆ شەڕێکی دڕندانە لە دژی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت، ئێمە ئەو کەسانە شەرمەزار دەکەین کە ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن، تورکیا پشتی ئەو چەتانەی گرت و ڕەوانەی شەڕی کردون، کە شەڕێکە دژی مرۆڤایەتییە، هاتووین بۆ دیداری وەزیری دەرەوە، با دەست لەکار بکێشێتەوە، پلان بۆ خوێنی منداڵانی کورد دادەڕێژێت، ئێمە وتمان با ئارامی هەبێت، ئێمە شەڕمان ناوێت، ئێمە منداڵەکانمان لەدەستدا، نامانەوێت منداڵی کەس بمرێت، بانگەوازی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمەیە، جۆلانی داعشە، بەڵام تورکیا پشتگیریان دەکات، جارێکی تر دەڵێین ئاشتی، ئێمە هاتین بۆ کۆبونەوە و پێیان بڵێین بازرگانی لەسەر خوێنی کورد مەکەن.

 

''منداڵانی کورد دەکوژن''

هەروەها مەریەم سۆیلو، بەڕێوەبەری ئامەد مێبیا-دەر ئاماژەی بەوەدا، کە قورئان لادەبرێت و منداڵانی کورد دەکوژرێن و وتی: هەموو ئەوانەی وتیان ئێمە مرۆڤین نابێت ئەم دڕندەییە قبوڵ بکەن، نابێت دەرفەت بە داعش بدەن، چونکە سبەی دەبنە بەڵا لەسەر هەموو جیهان.

 

ڕاگەیەندراوەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.