دایکانی ئاشتی دژی دایگیرکاری: با هەموو دایکان دژی ئەو شەڕە بوەستنەوە
ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی دایکانی ئاشتی ڕاگەیاندرا، دایکانی ئاشتی بانگەوازی هەڵوێست لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان و هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەن هەڵوێست دژی داگیرکاری و بەکارهێنانی چەکی کیمیای بنوێنن، داواش لە دایکان دەکەن دژی ئەو شەڕە نەگریسە بوەستنەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ئەیلول دایکانی ئاشتی کۆبوونەوەیەکیان بە دروشمی "بە هەوڵی دایکان داگیرکەری تێکدەشکێت، ئاشتی سەروەر دەبێت" ئەنجامدا، تێیدا لەبارەی ئاشتی، ئەنجامی کۆبوونەوەی دایکانی ئاشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان گفتوگۆکرا.
پاش کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ دایکانی ئاشتی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، دەوڵەتە داگیرکارەکان ساڵانێکە بە ئامانجی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد شەڕیان لە بەرامبەر گەلی کورد بەرپا کردووە، لە کوردستان دەوڵەتەکان پشتگیریی لە هەندێک هێزی وەک داعش و گروپە چەتەکان دەکەن و ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان گیان لەدەست دەدەن و بەهاکانی کورد تاڵان دەکەن، لەبەرامبەردا هێزە نێو نەتەوەییەکان بە بێدەنگییان دەیانپارێزن.
داواش دەکەن"ئێمە وەک دایکانی ئاشتی داوامان لە هێزە نێونەتەوەییەکان هەیە کە بێدەنگی بشکێنن بەرامبەر ئەوستەمەی لەگەلی کورد دەکرێت، دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت کە داگیرکەران ساڵانێکە لە کوردستان کۆمەڵکوژی دەکەن بەشێوازی دڕندانە لە باشوور، ڕۆژهەڵات، باکوور، ڕۆژئاوا، سەرکردەکانی کوردیان بەگشتی لەبەر چاوماندا کوشتووە و تا ئێستاش دەیانکوژن".
لەبەشیکی دیکەی ئەنجامنامەکەشیاندا، ڕایانگەیاندووە کە چیتر ئەو گرژییە ناو حزبەکان قبوڵ ناکەن، کە دەبێتە هۆی خوێنڕشتن، بۆیە بە ئەرکی هەموو تاکێکی دەزانن بە ئەرکی کوردایەتی هەستێت و هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر نەکرێت، دەڵێن "داواتان لێ دەکەین با لە ماڵی خۆماندا یەکبین بۆ ئەوەی لەبەرامبەر نەیاردا نەشکێین و ئەرکە مێژووییەکانمان جێبەجێ بکەین، هەمیشە جەستەی منداڵەکانمان پارچە پارچە دەکەن،تیرۆری دەکەن، ئێمە وەک دایک و ژن دەبێت لە بەرامبەر داگیرکاریدا بێدەنگ نەبین".
هاوکات چەند بانگەوازییەکەیان بۆ هێزە نێو نەتەوەییەکان نارد و داگیرکاری شەرمەزار دەکەن، لە ئەنجامنامەکەشدا بەم شێوە بانگەوازییەکان هاتووە:
-بانگەوازیمان بۆ هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان، پارێزگاری لە هەبوونی گەلی کورد و کولتووری کورد بکەن و خاوەن هەڵوێست بن.
-بانگەوازیمان بۆ هەموو دایکان، دایکانی گەریلا، دایکانی پێشمەرگە و دایکانی سەربازەکان ئەوەیە، ببنە ڕێگری ئەم شەڕە نەگریسە چونکە لەئەنجامدا دایکی هەموویان جگەر و دڵیان دەسوتێت بە لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان.
-داوا لە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە لە دژی داگیرکاریی یەکبگرن و کوردستان بپارێزن.
"بۆ هەموو بزووتنەوەکانی ژنانی کورد، پێشەنگایەتی بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکەن و دەستبەجێ کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن، چونکە بەپەرت بوونی کورد هیچ سودێک نابینن لەنەهامەتی زیاتر، ئێمەی دایک باجەکەی دەدەین، نامانەوێت خوێنی هیچ ڕۆڵەیەک بڕژێت".
"داوا لەدایکی شەهیدانی کورد بەگشتی دەکەین وە دایکانی پێشمەرگە، گەریلا و شەرڤان لەگەڵمان بن بۆ ڕاوەستانی شەڕو خوێن ڕشتن چونکە دایکێکی کورد نەماوە ڕۆڵەیەکی لەدەست نەدابێت".