دایکانی ئاشتی: دەوڵەت دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو ئاشتی بنێت

دایکان کە بەشداری کۆبوونەوەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "ÎHD" لە ئامەد لە باکووری کوردستان بە ناوی "رێگای ئاشتی: یادەوەری و دادپەروەری" کرد جەختیان لەوە کردەوە کە ڕەنگی فرمێسکی دایکان وەک یەکە، هەروەها داوایان لە دەوڵەت کرد هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ئاشتی بنێت.

بنەڤش ستێرک

 

ئامەد-ڕۆژی ٢١ و ٢٢ی حوزەیران، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "ÎHD" کۆبوونەوەیەکی بەناونیشانی "رێگای ئاشتی: یادەوەری و دادپەروەری" بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا کەسوکاری قوربانیانی ململانێکان و نوێنەری دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی بازنەی جۆراوجۆر ئامادەبوون.

 

لە ماوەی ٣٣ ساڵدا ٣٦ هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، حسێن کوچوک بالابان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "İHD" ژمارەی کوژراوانی نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٤ ئاشکرا کرد، بەپێی داتاکانی İHD ٣٦ هەزار و ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ٢٦ هەزار و ٩٥٥ گەریلا، سەرباز، یان ئەفسەری پۆلیس، لەگەڵ ٣٠ هەزار و ٥٠٠  هاوڵاتیانی مەدەنی، لە کاتی ململانێی پەیوەست بە پرسی کورد، ٩ هەزار و ٤٥٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، دوو هەزار و ٥١٤ گوند چۆڵکراون، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٢٣ سێ هەزار و ٥٢ کەیسی کوشتن لەلایەن تاوانبارانی نەناسراوەوە ئەنجامدراون ،٣ هەزار و ٣٥٦ کەسیش بەهۆی لەسێدارەدانی پوختەوە کوژراون، ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە هەڵکەندراون گەیشتە ٣١ گۆڕ، هەروەها ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە وایە گۆڕی بەکۆمەڵ بوون گەیشتە ٢٤٩ گۆڕ، بەمەش کۆی گشتی گۆڕەکان گەیشتە ٢٨٠ گۆڕ، بە مەزەندەکردنی ژمارەی گیانلەدەستدان بە چوار هەزار و ٥٠ کەس، بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگری نیشتمانی لە دوای ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٦٣٩ کەس.

 

مەقبولە کایماز: بە ئامێزگرتنی گۆڕەکانیان ئازارەکانم دوو هێندە کرد

ئەرەن کەسکین، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ پەیامێکی مەقبولە کایماز دایکی ئوغور کایماز خوێندەوە کە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ لەگەڵ باوکی لە پارێزگای قۆسەری ماردین کوژرا، مەقبولە کایماز، کە بەهۆی باری تەندروستییەوە نەیتوانیوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، سەرەتا داوای لێبوردن دەکەم کە بەهۆی پرسی تەندروستییەوە نەمتوانی لەگەڵتان بم،وەک دایکی ئاشتی، سوپاسێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەم کۆنگرە پڕ مانادارەیان ڕێکخست و بەشداریان کرد، سڵاو لە هەموو خانەوادەی شەهیدان کە بە خۆشەویستی و ڕێزەوە ئازارەکانیان لە دڵیاندا هەڵدەگرن،هەموو ئەو کوڕانەی ئێمەم لەبیرە کە بە ڕێز و حەسرەتەوە گیانیان لەدەستدا، من دایکێکم کە کوڕەکەم لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا لەدەستدا، جگە لە باوکی، بە سێزدە فیشەک.

 

ئاماژەی بەوەشکرد بە باوەشکردن بە گۆڕەکانیان ئازارەکانم دوو هێندە کردووە، ساڵانێکە قورسترین و گەورەترین ئازارم هەڵگرتووە کە دایکێک بەرگەی بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئێوەدا دەبم بۆ ئەوەی ئەم ئازارە نەگاتە دڵی دایکانی دیکە، لەگەڵ ئێوەدا دەبم بۆ ئەوەی بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێین بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، ئێمە نامانەوێت منداڵ لە باکوور یان لە هیچ شوێنێکی دیکەی تورکیادا بکوژرێت، ئێمە نامانەوێت دڵی دایکێکی تر بسوتێت، ئێمە منداڵەکانمان لەدەستداوە، بەڵام نامانەوێت هیوا لەدەست بدەین، ئێمە چیتر داوای فرمێسک ناکەین، بەڵکو داوای دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتی دەکەین، چونکە ئاشتی چاکە بۆ هەموومان دەهێنێت.

 

ئایشە بولبول: ئەگەر ئاشتی نەپارێزم چی دەپارێزم؟

پاشان، ئەرەن کەسکین نامەیەکی دایکی ئەرەن بولبولی خوێندەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ململانێی نێوان پەکەکە و سەربازەکاندا گیانی لەدەستدا، ئایشە بولبول کە بە هۆی فشاری دەوروبەرەکەیەوە نەیتوانی بێتە ئامەد، لە نامەکەیدا وتی: کوڕەکەم شەهید بوو ئەوەش وای لێکردم بە ڕێگای هاوڵاتیاندا بڕۆم بۆ ئەوەی دڵی دایکانی تر نەسووتێ، حەڤدە فیشەک لە جەستەی دەرچوو ، چەندین پشووی بێ خۆشی تێپەڕیوە من نامەوێت دایکانی تر پشووەکانیان بەبێ کوڕەکانیان بەسەر ببەن، من ئەم هەستانە لەگەڵ هەمووان هاوبەش دەکەم،  هەوڵەکانتان بەرز دەنرخێنم و کارەکانتان زۆر بەنرخ دەزانم.

 

جیهان سنجار: خەباتی ئێمە ٣٢ ساڵە بەردەوامە

جیهان سنجار، هاوژینی محەمەد سنجار، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی "DEP" کە لە ٤ی ئەیلولی ١٩٩٣ لە شاری باتمان کوژرا، ڕایگەیاند کە هاوژینەکەی ٣٢ ساڵ لەمەوبەر چووە بۆ باتمان بۆ ئەوەی ئەو خوێنڕشتنە ڕابگرێت کە هەموو جارێک دەڕژێت، وتی: هەرجارێک سێ چوار کەس پێکەوە دەکوژران، ئەو پەرلەمانتاری ماردین بوو، بەڵام بۆ ئەوەی خوێنڕشتنی باتمان ڕابگرێت، لەگەڵ شاندێکی هاوڕێکانیدا دەچوونە ئەوێ، بەڵام ئەو کەسەشیان کوشت کە خوێنی دەڕشت، خەباتی ئێمەش ماوەی ٣٢ ساڵە بەردەوامە، دەزانن دادگاییکردنەکەیشی بە هۆی تێپەڕبوونی کات کۆتایی پێهات، هەرچەندە ئێمە تانەمان لە پارێزگاری ناوچەکە، سەرۆکوەزیران، و هەموو ئەوانەی بەشداربوون، کەس گوێی لێنەگرتین چونکە ئەندامی پەرلەمان بوو، ئەوانەی محەمەد سنجاریان کوشت ووتیان ئێمە بە ناوی دەوڵەتەوە ئەوەمان کردووە، بۆیە لێیان خۆش بووین.

 

"ئێمە شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی بین یان نەبین"

جیهان سنجار هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو کارە مەزنە دەربڕی و سوپاسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "ÎHD" کرد بۆ سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە، ئێمە هاتین و هاوبەشی ئازارەکانمان بووین، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "ÎHD" ڕێکخراوێکە کە بەڕاستی مافی مرۆڤ دەپارێزێت، لەگەڵ قوربانییەکان وەستاوە، ئێمە گەلی کورد باجی قورسمان داوە، خەبات و بەرەنگاری دەبین بۆ ئەوەی بە زمان و ناسنامەی خۆمان لەنێو پێکهاتەکانی جیهاندا وەک هەموو کەسێک نوێنەرایەتی خۆمان بکەین، پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکردووە و هەموومان هەوڵی ئەوە دەدەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوژین و هاوەڵەکەم ٣٢ ساڵ لەمەوبەر لەپێناو ئاشتی و یەکسانی و زیان نەگەیاندن بە کەس کوژران، هەزاران کەسی بێتاوان لەم شەقامانەدا کوژران، ئەوان چەکیان بەدەستەوە نەبوو؛ تەنها دەیانویست ئازاری گەلەکەیان دەرببڕن، بەڵام ئەوانەی نەیاندەویست گەلی کورد لەسەر ئەم خاکە بە کەرامەتەوە بژی، ئەوانیشیان کوشت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، بۆ ئەم پرۆسەیەی کە دەستیپێکردووە، دەتوانم بڵێم هەموومان ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئاشتییەک بە کەرامەتەوە، دەمانەوێت بزانین ئەم ئاشتییە چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەم وڵاتەدا دیموکراتی نییە پرسی پەرلەمان ماوەی ٣٢ ساڵە بەردەوامە، نازانم کەی کۆتایی دێت یان کەی دادپەروەری پێشکەش دەکرێت، هەزاران کەس لە زیندانەکاندا خەریکی لەناوچوونن، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD) ڕاپۆرتیان دا کە نزیکەی ١٣٠٠ کەس لە لێواری مردندان لە زیندان،  ئازاد ناکرێن، هەموو ئەمانە لەچوارچێوەی ئاشتیدا ڕوودەدەن بۆ ئەوەی بتوانین متمانە بە یەکتر بکەین کاتێک زمانەکەمان تێیدا نابینین، گەیشتن بەم ئاشتییە ئێمەش وەک هەر نەتەوەیەک داوای ئاشتی دەکەین، خەباتکردن بۆ بوون یان نەبوون، لە شوێنی پێویستدا ئاشتی دەکەین، هەرچی پێویست بێت دەیکەین.

 

عەفیفە کارتال: با دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا دایکانی ئاشتی وەک هێمای ئاشتی شریتی سپییان لە ملی سەرجەم بەشداربووان دانا، یەکێک لەو دایکانە عەفیفە کارتال دایکی زلال کارتال ناسراو بە تکوشین ئازاد بوو، کە لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٧ لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای لیجەی ئامەد گیانی لەدەستدا، کوڕەکەی بە ناوی محەمەد کارتال کە هێشتا تەمەنی ٢٠ ساڵ نەبووە، سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، لە ئێستادا لە زینداندا بەدەست چەندین نەخۆشیەوە دەناڵێنێت.

 

عەفیفە کارتال بە نوێنەرایەتی دایکانی ئاشتی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە: ئێمە دەڵێین ئاشتی، با دایکی سەرباز و ئەفسەرانی پۆلیس بێنە پاڵمان، ئەگەر دایکان نەتوانن ئاشتی لە تورکیا بەدەست بهێنن، دەوڵەت پێی ناگات، من بانگەواز لە ئەردۆغان و باخچەلی و وەزیری داد دەکەم، با ئەوانیش هەوڵ بدەن، بۆ ئەوەی ئاشتی بەدی بهێنرێت، ئێمە ئاشتییەکمان دەوێت کە کەرامەت بپارێزێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پارچەیەک لە تەرمی کچەکەم هێنا و لەژێر زەویدا ناشتم، هەرگیز بەسەریدا نەگریام، بەڵکو وتم بژی و گیانی هەڤاڵەکانی سەلامەت بێت، هەرچەندە من گریام، بەڵام نامەوێت کە دایکی سەرباز و دایکی پۆلیس بگرین، ڕەنگی ئەو فرمێسکانەی لە چاوی هەموو دایکانەوە دەڕژێن یەکن، کوڕەکەم لە زینداندایە و نەخۆشە، بەڵام نەک تەنها بۆ ئەو دەڵێم، دەرگای زیندانەکان بکەنەوە و ئەم زیندانییە نەخۆشانە ئازاد بکەن، لەڕاستیدا تا ئەو زیندانییە نەخۆشانە ئازاد نەکرێن ئێمە ناڵێین ئارامی هەیە.

 

حەلیمە ئونجو: بەسە کۆمەڵکوژی و گرتن و ئەشکەنجەدان

حەلیمە ئونجو، دایکی سێرحات ئونجو، کە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لەگەڵ ٣٤ هاوڵاتی مەدەنی کورد کە زۆربەیان منداڵ بوون، لە گوندی ڕۆبۆسکی سەر بە پارێزگای قەلابان لە شرناخ، لەسەر سنوور کوژرا، وتی: من بۆ ئاشتی هاتووم، هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەین، دڵمان بۆ هەموو دایکان ئازار دەچێژێت، ١٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی تێدەپەڕێت، هێشتا دادپەروەری بەدیینەهاتووە، ئێمە دادپەروەری و ئاشتیمان دەوێت، بە دایکی سەرباز، دایکی ئەفسەری پۆلیس، دایکی گەریلا دەڵێین، با یەکبگرین، دەستی یەکبگرین، بەسە کۆمەڵکوژییەکان، کوشتنەکان، دەستگیرکردنەکان بەسە لەگەڵ ئەشکەنجەدانەکان.

 

فەهریە چوکور: نازانین لایەنی بەرامبەر چی دەوێت

فەهریە چوکور، دایکی ڕۆزەرین چوکور، تەمەن ١٧ ساڵ، کە لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگای سور لە ئامەد لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، داوای ئاشتی دەکات، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام نازانین لایەنی بەرامبەر چی دەوێت، هێشتا دەستیان بە هیچ شتێک نەکردووە و هیچیان پێ نەداوین، دەڵێن چەکەکانتان دابنێن، ئێمە ئەوەمان کردووە، بەڵام چی لە داهاتوودا؟ من بۆ ئاشتی هاتووم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ٩-١٠ ساڵە خنکاوین، وتمان با کەمێک هەناسە بدەین، با جیهان جوان بکەین، وڵاتەکەمان جوان بکەین، بۆ ئەوە هاتوومەتە ئێرە، با کورد و تورکیا یەکبگرن و داوای ئاشتی بکەن.

 

ئامینە چارگیرگایا: دڵی هەموو دایکان یەکن

جەمیلە چارگیرگایا تەمەن دە ساڵان لە ٤ی ئەیلولی ٢٠١٥ لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری جەزیرە لە دەرەوەی ماڵەکەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، بۆ ڕێگریکردن لە شیبوونەوە، خێزانەکەی بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ تەرمەکەیان خستۆتە ناو ساردکەرەوە، ئامینە چارگیرگایا،دایکی وتی:  بۆ یادی وەدات ئایدن و محەمەد سنجار منداڵەکانمان بەناوی ئەوانەوە ناونا کوڕەکەم بە ناوی وەدات ئایدن ناونا، برای هاوژینەکەم کوڕەکەی بە ناوی محەمەد سنجارەوە ناونا، ناومان لێنان بە ناوی شەهیدەکانمانەوە چونکە شەهیدەکانمان لای ئێمە خۆشەویستن دڵمان وەک دایک یەکن، چونکە دڵمان بۆ ئەوان سووتاوە، منداڵەکانمان لە ساردکەرەوە دانا، ئێمە نامانەوێت دڵی هیچ دایکێک بسووتێت، بۆ دوعا و پاڕانەوە بۆ دایکانی سەرباز و پۆلیس هاتووین بۆ ئامەد.