"دایکانی ئاشتی" داوای هەنگاوی کۆنکرێتی دەکەن لە پرۆسەی ئاشتیدا
نزیکەی ٣٠٠ ژن لە "دایکانی ئاشتی" کە نوێنەرایەتی ٢٤ شار دەکەن، دوای دەستپێکردنی "گۆڕانی ئاشتی"یان کرد لە پارکی کورتولوش گەیشتنە بینای پەرلەمان و داوای هەنگاوی کۆنکرێتییان کرد بەرەو ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی.
ئەنقەرە
ئەندامانی گروپی "دایکانی ئاشتی" یەکەم شەوی خۆیان لە پارکی کورتولوش لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەسەر برد، ئەمەش لە چوارچێوەی دانیشتنێکی کراوەدا، کە داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و پێشکەوتن بەرەو ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییان کرد.
دایکانی ئاشتی بە درێژایی شەو درێژەیان بە چالاکییەکانی دانیشتنیان دا و گۆرانی وتن و نمایشی هەڵپەڕکێی نەریتییان دەکرد، پێش ئەوەی لە بەیانی زوودا بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە ناڕەزایەتی خۆیان بگوازنەوە بۆ بارەگای پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان.
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانیان، دواتر شاندێکی دایکانی ئاشتی چوونە پەرلەمانی تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و خستنەڕووی داواکارییەکانیان.