ئەو دایکانەی بەشدارییان لە بەرخۆداندا کرد: هێزمان لەیەک وەرگرت

دایکانی پاکڕەوانی بەرخۆدان ئاماژەیان بەوەکرد، زۆترین باجیان داوە لە بەرخۆداندا بەڵام پەشیمان نین و لە بەرخۆداندا گەل و شەڕڤانان ‌هێزیان لە یەک وەرگرتووە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- عەفرین لە بەرخۆدانی سەردەمدا مێژووی بە پیتی زێڕین و بە خوێنی منداڵانی ئازا نووسییەوە، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ گەل لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەرخۆدانیان کرد کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لە عەفرین دەستیپێکرد، بەرخۆدانی دژی ئەم هێرشانە، بە ناوی "بەرخۆدانی سەردەم" لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، لەو بەرخۆدانەدا، گەل و شەڕڤانان بوونە یەک بۆ پاراستنی خاکەکەیان.

 

دایکانی عەفرین کە بەشدارییان لە بەرخۆداندا کرد ئاماژەیان بەوەکرد، بەبێ منداڵ دەژین بەڵام ناتوانن بەبێ خاک بژین، منداڵەکانیان بە دەستی خۆیان ناردووەتە بەرەکانی جەنگ بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان لە دوژمن.

 

"لە بەرخۆدانی سەردەمدا قورسترین باجمان داوە"

فەوزیە حسۆ، دایکی پاکڕەو خابور عەفرین، تیشکی خستە سەر شەڕی عەفرین و وتی: ئەوە زۆر سەخت بوو، پێش ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش بکات، ژیانمان لە عەفرین ئاشتیانە بوو، عەفرین وەک تابلۆیەکی مۆزایک بوو بەهۆی هەموو پێکهاتەکانی سووریاوە، لە دژی هێرشی داگیرکەران، منداڵەکانمان ڕوویان لە سنوورەکان و بەرەکانی جەنگ کردووە بۆ پاراستنی خاک و شکۆی خۆیان لە دوژمن، ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی بە قورسترین چەک لە دژی منداڵەکانمان شەڕیان کرد، لە عەفرین  بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانمان کردو قورسترین باجمان دا.

 

"گەل و شەڕڤانان هێزیان لە یەکتر وەرگرتووە"

فەوزیە حسۆ وتیشی: لە بەرخۆدانی سەردەمدا، گەل و شەڕڤانان هێزیان لەیەک وەرگرت وەک دایک، بە دەستی خۆمان منداڵەکانمان نارد بۆ هێڵەکانی سنوور بۆ پاراستنی خاکەکەمان، کوڕەکەمم بە دەستی خۆم بەخاک سپاردو پەشیمان نیم لەوەی کە باجێکی زۆرمان داوە، چونکە خاکی عەفرین لە خوێنی منداڵەکانمان گرانترە، دەتوانین بەبێ منداڵ بژین، بەڵام ناتوانین بەبێ خاک و وڵات بژین، منداڵەکانمان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بوون، لەسەر شەقامەکان بووین و خاکەکەمان دەپاراست، هەرگیز ترسمان نەدەزانی، عەفرین شەرەفی ئێمەیە.

 

"بە هەلهەلەو نیشانەی سەرکەوتن ماڵئاواییمان لە شەهیدەکانمان کرد"

فاتمە مستەفا، دایکی پاکڕەو مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، بە هەلهەلەو نیشانەی سەرکەوتن ماڵئاوایی لە منداڵەکوی کردووە لە بەرخۆدانی سەردەمدا و وتی: کوڕەکەم لە بەرخۆداندا بۆ پاراستنی خاکەکەی شەهید بوو، ئەردۆغان، ئەگەر سنگ بە سنگ شەڕی کردبایە، نەیدەتوانی بستێک لە خاکی عەفرین ببات، بەڵام بەداخەوە فڕۆکەکان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان دەکرد، کوڕەکەمم بە دەستی خۆم بەخاک سپارد ئەوە شانازی و سەرکەوتنە. ئێمەی دایکانی عەفرین پەشیمان نین و بە خوێنی منداڵانی عەفرین، عەفرین لە داگیرکەران ئازاد دەکرێت.