داوای ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدانی زیندانییەکی سیاسی دەکرێت
ژنانی سیاسی و چالاکوانان ڕایانگەیاند، زەهرا شەهباز تەبەری لەبەر هەڵگرتنی تابلۆی “ژن ژیان ئازادیی” سزا دراوە، دەشڵێن، ئەو ژنانەی بەرخۆدان دژی ستەم ڕادەگەیەنن ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
٤٠٠ چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵ و چالاکوانی سیاسیی لەسەر ئاستی جیهانی سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنێکی زیندانیی سیاسیی بەناوی زەهرا شەهباز تەبەری ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەبێ بوونی پارێزەر و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە سزای لەسێدارەدان بەسەر زەهرا شەهباز تەبەری سەپێندراوە و تۆمەتی سیاسیی خراوەتە پاڵی، لەكاتێكدا تەنها لەبەر هەڵگرتنی تابلۆی درووشمی”ژن ژیان ئازادی” سزا دراوە.
واژۆکەرانی ڕاگەیاندراوەکە کە بریتین لە، براوەی خەڵاتی نۆبڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی چەند وڵاتێكی جیهان، ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتانی جیهان، وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژنامەنوسان و وەرزشوانانی بەناوبانگ و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران جیاکاری ڕەگەزییان سەپاندووە و بەهەزاران زیندانیی سیاسیی ژن لەسێدارە دراون، بەتایبەتی لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨ـی ئێران.
باس لەوەشکراوە، ئێران لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنی هەیە، دۆسێیەیی زەهرا شەهباز تەبەری ئەوە ئاشکرا دەکات ئەو ژنانەی بەرخۆدان دژی ستەم ڕادەگەیەنن ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، بەڵام ژنان شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” یان هەڵگیرساند و بەردەوامن لە سەرکردایەتی شۆڕشی بەرخۆدانی سەرتاسەریی و دژی ستەم بێدەنگ نابن.
دەشڵێن، ئێمە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی زەهرا دەکەین و داوا لە وڵاتانی سەرانسەری جیهان دەکەین لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوەستن لە تێکۆشانیان بۆ دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی.
هاوکات، زەهرا شەهباز تەبەری تەمەن ٦٧ ساڵ و ئەندازیاری کارەبا، خەڵکی ڕەشت و دانیشتووی پارێزگای گیلان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی تەکنەلۆژیای ئەسفەهان و بڕوانامەی ماستەری لە وزە لە سوید هەیە لە ١٧ـی نیسانی ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا.
جێگای ئاماژەیە، ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی”یاخیبوون” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.