داوای ڕاگرتنی بەخاکسپاردنی قوربانیانی لافاوەکەی لیبیا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەکرێت

بەهۆی ئەوەی زیاتر لە هەزار كەس لە قوربانیانی لافاوەكەی لیبیا لە گۆڕی بە كۆمەڵ نێژراون، داوا لە دەسەڵاتدارانی لیبیا دەكرێت بەخاکسپاردنی قوربانیانی لافاوەكە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ڕابگرن.

 

ناوەندی هەواڵ- یەكشەممەی ڕابردوو لافاو تەواوی گەڕەكەكانی شاری دەرنەی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا گرتەوە و بووە هۆی داڕمانی دوو بەنداو، دواتر چەند شوێنێك ژێر ئاو كەوتن و تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار كەس گیانی لەدەستدا و ١٠ هەزارو ١٠٠ کەسی  دیكەش بێسەروشوێن بوون.

كازونۆبو كۆجیما، كارمەندی پزیشكی لە فریاگوزاریی تەندرووستی ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی لە بەیاننامەیەكدا وتی: زیاتر لە هەزار كەس لە قوربانیانی لافاوەكەی لیبیا لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژراون، بۆیە داوای باشتركردنی پڕۆسەی ناشتنی ئەو قوربانییانە لە گۆڕستانەكان دەكەین.

ئاماژە بەوەشكراوە، پڕۆسەی ناشتنی بەپەلە و بەكۆمەڵ دەبێتە هۆی كێشەی دەروونی درێژخایەن بۆ كەسوكاری قوربانییەكان، ئەمە جگە لەوەی كێشەی كۆمەڵایەتی و یاسایی لێدەكەوێتەوە.