داواکاری لێکۆڵینەوە لە هێرشێکی ئاسمانی کە ناوەندێکی کۆچبەران لە سەعدە کردە ئامانج
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و سەربەخۆی نێودەوڵەتی کرد، سەبارەت بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا کە لە کۆتایی مانگی نیساندا ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە پارێزگای سەعدە لە باکووری ڕۆژئاوای یەمەن کردە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ی نیساندا، هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی ئەفریقی لە شاری سەعدەی یەمەن کە نزیکەی ١٠٠ کۆچبەری ئەفریقی تێدا نیشتەجێ بوو، ٦٨ کەسی کوشت و دەیان کەسیش بریندار بوون یان بێسەروشوێن بوون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی١٩ی ئایار داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە و سەربەخۆی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا کە لە کۆتایی مانگی نیساندا ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی لە پارێزگای سەعدە لە باکووری ڕۆژئاوای یەمەن کردە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵمەتەکە بەر دامەزراوەیەک کەوتووە کە بۆ ڕاگرتنی کۆچبەرانی ئەفریقی بەکاردەهێنرێت، نیگەرانییەکی ڕاستەقینەت لەبارەی پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دروستکردووە، پێویستی بە لێپرسینەوەی ڕوون هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن.
لە ڕاگەیاندراوەکدا ڕوونیکردەوە کە شیکردنەوەی وێنە مانگە دەستکردەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان کە پێداچوونەوەی بۆ کردووە، وێرانکارییەکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی زیندانە ئامانجدارەکە ئاشکراکردووە، ئەوەش پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێرشەکە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی کردۆتە ئامانج، لەگەڵ باڵەخانەیەکی دیکەی ناو شوێنەکە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سێ کرێکاری پشتیوانی کۆچبەر و پەنابەران ئەنجامداوە، کە دوانیان دوای هێرشەکە سەردانی ناوەندی دەستبەسەرکردن و نەخۆشخانەکانیان کردووە. ئەوان ژمارەیەکی زۆری قوربانییان پشتڕاستکردەوە، لەکاتێکدا بەڵگە دیجیتاڵییەکان دەریانخستووە کە تەرمەکان لە ژێر داروپەردوودا بڵاوبوونەتەوە لە دیمەنەکاندا، کە ڕێکخراوەکە بە ترسناک پێناسەیکردووە، لەکاتێکدا هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن بۆ دەرهێنانی ڕزگاربووان لە داروپەردووەکان.
ئاغنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، وتی: ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوەندێکی ناسراوی دەستبەسەرکردنی حوسییەکان کە کۆچبەرانی بێ ماڵ و حاڵ تێیدا ڕاگیرابوون. ئەم لەدەستدانە وێرانکەرەی ژیانی مەدەنی، پرسیاری ڕاستەقینەی لەبارەی پابەندبوونی ئەمریکا بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بنەماکانی جیاکاری و خۆپارێزی دەوروژێنێت".
کالامارد ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و سەربەخۆ و ڕوون دەکات لەسەر هێرشە ئاسمانییەکە، لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەکانی ئاشکرابکرێن، هەر زانیارییەک پەیوەندی بە قوربانیانی مەدەنییەوە هەبێت،ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە لە داهاتوودا ئاشکرابکرێن.
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵانی ئەو کەسانەی کە سەردانی نەخۆشخانەی جومهوری و نەخۆشخانەی گشتی تەلحیان کردووە لە سەعدە، دەیان کۆچبەری ئەسیوپی بە سەختی برینداربوون، لەوانە بڕینی ئەندام و شکانی سەخت. مۆرگەکان نەیانتوانی ئەو ژمارە زۆرەی تەرمەکان لەخۆبگرن، ئەمەش کارمەندانی پزیشکی ناچارکرد لە حەوشە کراوەکاندا کەڵەکەیان بکەن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستی کردەوە کە کۆمەڵگەی زیندانە ئامانجدارەکان ساڵانێکە وەک ناوەندێکی دەستبەسەرکردن بەکاردەهێنرێت، بەردەوام لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە سەردانی دەکرێت، ناڕوونیی لە دەوری شکستی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنی ئامانجی هەڵمەتەکە، پرسیاری زیاتر لەبارەی پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەوروژێنێت.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر هێرشەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە ئامانجەکانی هەڵمەتەکە دەرنەکردووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، پنتاغۆن پێداچوونەوە بە "تۆمەتەکانی" قوربانیانی مەدەنی دەکات و "هەڵسەنگاندنی زیانەکانی لێدانەکە" ئەنجام دەدات.
شایانی باسە کە هەمان ناوەند لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هێرشێکی هاوشێوەی کرایە سەر، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٩٠ دەستگیرکراو گیانیان لەدەستدا، دەیان کەسیش برینداربوون، بەپێی ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە بەڵگەی لەسەر کراوە.
ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە تیشک دەخاتەسەر ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە لە یەمەن، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، لە کاتێکدا بانگەوازی پەرەسەندنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی بۆ ڕاگرتنی بەئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەرزکردنەوەی پاراستنی ئاوارەکان و کۆچبەرانی بەزۆر لە ناوچەکانی شەڕی چەکداریدا.