داوا دەکرێت تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پڕۆگرامی خوێندنەوە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدەو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان داوا دەکات، ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان دابین بکرێت و ئەو تاوانەش بخەنە ناو پرۆگرامی پەروەردە و فێرکردنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژى ٩ ی کانونی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەک رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید دیاریکراوە، کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئەنجامدەرانی.

 

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەسایەی ئەو ڕۆژە جیھانییە و چەندین پڕۆتۆکۆڵ و ڕێکەوتننامەی تری جیھانی پڕۆسەکانی قڕکردنی کورد ئەنجامدران و لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیی، پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بەکردار رێز لە واژۆی سەر رێکەوتنامەکانیان بگرن و ھەوڵی جدیی بدەن گەلی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانیەوە لەژێر ھەڕەشەی تاوانی نێودەوڵەتی دەرباز بکەن".

 

یەکێتییەکە داوای کردووە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان و بەکردار ڕێز لە قوربانیان بگیرێت، هەروەها مۆنۆمێنتی شایستە و مەزارگەی شایستە بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ و تاک بە تاکی قوربانیان دروستکبرێت پێویستە تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پڕۆگرامی پەروەردە و فێرکردن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ھانی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان دەدات بۆ بۆ توێژینەوە لە بواری جینۆساید، بە ئەرکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیشی دەزانێت، کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ بیری شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی لە عێراق و هەرێم بکات و دەوڵەتی عێراقیش کار بە سەرجەم یاسا و پەیماننامە و بەیاننامەکانی بواری قەدەغەکردنی تاوانە نێودەوڵەتیەکان بکات.