داوا دەکرێت قوتابخانەكەی نەجیبەخان لە کۆیە بكرێت بە مۆزەخانە
شەهێن ئیبراهیم، شارەزا لە مێژووی شاری کۆیە دەڵیت: نەجیبەخان سونبلێكە دەبێت هەموومان شانازی پێوە بكەین و هەمووشمان ڕێچكەی ئەو بگرینە بەر.

شیا کۆیی
کۆیە-ژنان بەشێكی دانەبڕاوی مێژووی نەتەوەی ئێمەن لەزۆربەی سەردەمەكان و بوارەكان ڕۆڵی كاریگەریان بینیووە، دیارە ژنانی شاری كۆیەش زۆر زیاتر لەشوێنانی دیكە رۆڵی كاریگەریان هەبووە، ئەگەر سەیر بكەین هەر لەسەدەی ڕابردووەوە ژنان پێشەنگ بوون، ڕەنگە بۆ ئێستا وانەبێت، چونكە ئەو سەردەم لە ئێستا باشتر بوو، لە ئیستادا چونكە كەسایەتی زۆرباش هەڵكەوتوون لە بواری نووسین و سیاسەت و مێژوو و كۆمەڵایەتی و پەیوەندی كۆمەڵایەتی، بۆیە ژنان پیشەنگ بوون و بەشێكی گرنگی دانەبڕاوی نەتەوەیین.
تیشک دەخەینەسەر ڕۆڵی ژنانان لە مێژوودا و نەپاراستنی شوێنەوارو كەلەپووریان، بە نموونەش نەجیبەخانی جەلیزادەی كچی مەلای گەورەی كۆیە كەیەكەم ژنی گەنج بووە لەتەمەنی حەوت ساڵی چۆتە بەرخویندن لەشاری كۆیە.
شەهێن ئیبراهیم، كە پیشەی مامۆستایە شارەزایە لە میژووی شاری كۆیە، لەبارەی ڕۆڵی نەجیبەخانی كچی مەلای گەورەی كۆیە وتی: ئێمە لەبواری ژن و مێژوو و خەباتی ژن دۆڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە نەتواندراوە سوودی لێ ببیندرێت، بۆیە ڕەنگە بەشێکی ون ببێت، دەبێت ئێمە ئەو ئەستێرە درەوشاوەی كوردستان بناسین، ئەو ژنە نەجیب زادەی كە دەبێت هەموو ژنێك شانازی پیوەبكات، چونكە یەكەم ژن بووە لە باشووری کوردستان چۆتە بەر خوێندن، لە سەردەمێكدا كە زۆركەس كوڕیشی نەدەناردە خوێندنگە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەجیبەخان لە خێزانێكی رۆشنبیرو وكورد پەروەروەر بوون ئەویش زاناو بلیمەتی كورد مەلای گەورە بووە.
شەهێن ئیبراهیم وتیشی: نەجیبەخان لەساڵی ١٩١٧ لەدایك بووە و لەساڵی ١٩٢٤ باوکی ناردوویەتییە بەرخوێندن ئەوكات كە خوێندنگەی کچان هەر نەبووە و شاری كۆیەش شارێكی بچوك بووە هەرچەندە كۆیە بچوك بووە بەلام زۆرترین زاناو نووسەرو بلیمەتی لێ هەلكەوتووە شارێكی پێشكەوتوو بووە، مەلای گەورەش یەكێك بووە كە ڕێچكەشكێن بوە بەوەی یەكەم كەس بووە كچەكەی ناردۆتە بەرخوێندن لەگەل كوڕان.
شەهێن ئاماژەی بەوەشكرد ئەو شوێنەی قسەی لێ دەكەین یەكەم قوتابخانە بووە لە كۆیە، ناوی قوتابخانەی حاجی قادر بووە هەرچەندە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەرناوەكەی هەندێك دەڵێن ناوی مەكتەبی زانایان بووە كە یەكەم كچ (نەجیبەخانی جەلیزادە كچی مەلای گەورە بووە) چۆتە قوتابخانە، بۆ ئەو سەردەمی ئەوكات زۆر زۆر سەیر بووە لای خەڵك، مەلای گەورە ڕووبەڕووی زۆر گلەیی و ڕەخنە بۆتەوە بەڵام لەهەمانكاتدا وایكرد خەڵك چاوی لێبكەن و كچەكانیان بنێرن بۆ قوتابخانە .
شەهێن دەشڵێت نەجیبەخان سونبلێكە دەبێ هەمومان شانازی پێوە بكەین و هەموشمان ڕێچكەی ئەو بگرینە بەر بەوەی چەندە هەوڵی داوە خۆی رۆشنبیربكات و بوێرانە كاری كردوە لەبواری رێكخراوی ژنان و تەنانەت سەردەمی خۆی چۆتە ناو سیاسەتیش و بویرانە كاری كردووە و كاریی بۆژنان كردووە و ژنانیش زۆر متمانەیان پێكردووە، چونكە كەسایەتی نەجیبە خان هەندە گەورە بووە دەبو تا ئیشتا چەندین لێكۆلینەو و تویژینەوەی لەسەر بکرایە.
"بەهۆی کەمتەرخەمی قوتابخانەکە وێران بووە"
سەبارەت بەوەی نەپاراستنی قوتابخانەكەی نەجیبەخان و مێژووی ژنان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ شەهێن ئیبراهیم وتی: بەداخەوە ئەو قوتابخانەیە وێران بووە من ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ كەمتەرخەمی دەبوو ئەو شوێنە زیاتر گرنگی پێبدرێت، چونكە كولتوور و كەلەپووری هەر نەتەوەیەك و ناوچەیەك بەشێكی گەورەی مێژوویەكەی پاراستنی نەتەوەكەیەتی، دەبوو بكرێت بە مۆزەخانەیەك، هیوادارم گرنگری پێبدرێت، بكرێت بە مۆزەخانەو شوێنێک کە منداڵەكان و خوێندکاران بێن لێرە سەیری بكەن وەك شوێنێکی كولتووری و میژووی و خەڵك و گەشتیاران لەوڵاتانەوە بێن سەردانی بكەن و لە هەموو بوارێك سودی لێ ببینین، شایەنی وتنە بەپێی ئەو تویژینەوانەی ژنان لە كۆیە لە زۆربەی بوارەكان رۆڵیان بینیووە، وەك لە بواری سیاسی ژنانی كۆیە ڕۆڵیان هەبووە، نموونەیەك لەوانەش نەجیبەخان و خوشكە فریشتە، لەبواری كۆمەڵایەتی كەسایەتی زۆرمان هەیە، كە چوونەتە بازاڕ و لە كۆڕ و كۆبوونەوەی پیاوان دانیشتوون و لە ساڵی هەشتاكان خۆیان بازرگانییان كردووە لە دیوی ئێران و لە بەغداوە كەلوپەلیان هێناوەو خاوەن دوكان بوون و خاوەن كارگە بوون، گرنگە ئەو شوێنانە بپارێزرێن، تا بكرێتە ناوەندێكی گەشتیاریی خەڵك بێن تا مێژوو و شوێنەواری ئێمە ببینن، تا رۆڵی ئەو كەسایەتییانە ببین، كە رۆژگارێك لێرە ڕۆڵیان بینیووە، چونكە ئەو شوێنە تەنیا شوێنێك نییە كە نەجیبەخان یەكەمجار لێی چۆتە بەرخوێندن، بەڵكو ناوەندێكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بووە و رۆڵی تایبەتی هەبووە لە سەردەمی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، بۆیە كاریگەریی خۆی هەبووە و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر خەباتی رۆشنبیری ژنان، بۆیە پاراستنیان گرنگە و ئێمە وەك تاكەكان گرنگە هەست بەو شوێنانە بكەین و بە گرنگی بزانین.
كورتەیەك لەسەر ژیانی نەجیبەخان
نەجیبەخانی جەلیزادەی كچی مەلا محەمەدی جەلیزادەیە "مەلای گەورە" لە ساڵی ١٩١٧ لەكۆیە لەدایك بووە ولەساڵی ١٩٢٤ یەكەم جار لەكۆیە چۆتە قوتابخانەی تێكەڵاو، زۆربەی كاتەكانی لە هاوینەهەواری چنارۆك لەكۆیە بەسەر بردووە، لەخێزانێكی رۆشنبیر پەروەردە بووە و گەورەبووە، كەسایەتی باوكی كاریگەری زۆری لەسەربووە، چونكە لەماڵەكەی خۆی جیاوازی نەكراوە لەنیوان كوڕان وكچان و بۆ ئەو سەر دەم ژنان لەبەرامبەر پیاو نانیان نەخواردووە بەڵام مەلای گەورە ئەو نەریتەی شكاندووە و لەسەر یەك سفرە کۆبوونەتەوە، هەمیشە هەوڵی داوە كەسایەتی كچەكانی هاوشیوەی كەسایەتی كوڕەكانی بێت، دیارە ئەو شێوازە پەروەردە خێزانییە كاریگەری كردۆتەسەر نەجیبەخان كەسایەتیەكی كامڵ و بوێر و ئازای لێدەربچێت و باوەڕی بەخۆی بووە، بوێرو ڕاستگۆ بووە، كەسایەتیەكی زۆر كۆمەڵایەتی بووە و كاتێك چۆتە دەرێ سڵاوی لەهەمووان كردووە بێ جیاوازی، تێكەڵبووە و کۆبوونەوەکانی كۆنترۆڵ كردوە كە هەموو گوێ لەو رابگرن، دیارە ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە نەجیبە خان توانیویەتی كەسایەتیەكی بوێر بۆخۆی درووست بكات، هیچ كات سەیری ئەوەی كردووە دەوروبەری ژنن یان پیاون. هاوكات نەجیبەخان بە دووەم ژنە مێژوونووس دادەنرێت لەدوای مەستورەی ئەردەڵانی، چونكە ئەوەی نەجیبەخان نووسیویەتی ڕاستە بۆ سەردەمی خۆی هیچ شتێكی وای لەبەردەست نەبووە، بەڵام ئەو هاتووە رۆژانە شتەكانی یاداشت كردووەو نووسیویەتی، چی ڕوویداوە لە ناوخۆ یان لەدەوروبەر نووسیویەتی لە بواری سیاسی و ئاوهەواو كەشوهەوا، لایەنی كۆمەڵایەتی، لایەنی باسی ژنان و دابونەریتەكانی ئەوكات، جگە لە نەجیبەخان نموونەی خوشكە فریشتە و زەینەبخانی داپیرەی نەجیبەخان، كە ئەویش شاعیر بووە، رەنگە زۆربەی نووسینەكان نەمابێت، رەنگە نووسینەكان شێوازی ئەكادیمی نەبووبێت بەڵام بۆ ئەو سەردەمە شتێكی زۆر زۆرە.
سەبارەت بە بەرهەمەكانی نەجیبەخان زۆربەی چاپكراوە و هەندێكی ماوە، ئەوانەی چاپكراوە وەك مێژووی شاری كۆیەی باسكردووە، كە لە ٢٠٠٩ چاپكراوە و پەرتوکی بنەماڵەی جەلیزادەی لە ٢٠١١ چاپكراوە هەواڵی كوردەواری هەیە لە ٢٠١٨ چاپكراوە، جگە لەوانەش بەرهەمی زۆریش ماون چاپنەكراون، وەك بابەتی چیرۆكی منداڵان و دانیشتنی فۆلكلۆری و چەند دەستنووسیكی دیكە، هیوادارم چاپ بكرێن.
شەهێن ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەڵێم ئێمە لە بواری ژن و مێژوو، خەباتی ژن، دەوڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە نەتواندراوە سوودی لێ ببیندرێت، بۆیە لەوانەیە بەشیكی ون ببێت، هیوا دەخوازم ئێمە لە ئێستاوە لێكۆڵینەوە بكەین لەم بابەتانە و ئەو مێژووە بخەینە سەر لاپەڕەی كاغەز، تا نەوەكانی داهاتوومان بەو مێژووە ئاشنا بكەین.
"قوتابخانەکە لە خانووە کەلەپوریەکانی شوێنەواری کۆیە تۆمار کراوە"
یەکێتی سەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە، لەبارەی قوتابخانەکەوە وتی:خویندن لە سەردەمی نەجیبەخان وەک لە حوجرە خوێندویانە و سەردەمێک قوتابخانەی حاجی قادر لەوێ بووە، سەبارەت بە موڵکەکە ئەو خانووە موڵکی شوێنەوار نییە خانووی حاجی جەلالە، بەڵام لە خانووە کەلەپوریەکانی شوێنەواری کۆیە تۆمار کراوە.
سەبارەت بەوەی بۆچی نۆژەن ناکرێتەوە، یەكێتی سەمەد وتی: ئێمە پێشنیارمان کردووە نۆژەن بکرێتەوە دەرخستەشمان بۆی کردووە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.