داعشە نیابەتییەکان؛ کاتێک لە باشوورەوە بۆ مانگی ڕۆژئاوا دەوەڕن

شەریفە كرمی

بەکرێگیراوانی سەر میمبەر ئەمڕۆ جارێکی تر، لە ژێر سایەی بێدەنگیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا، لایەنێک بەناو "مەلای ئایینی" لە مزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی ڕاپەڕین، زمانە گڵاوەکەی بۆ هێرشکردنە سەر شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان درێژ کرد، ئەم کەسە، لە کاتێکدا زمانە پیسەکەی بۆ پارێزەرانی کەرامەتی کورد دەجووڵێنێت، تەنانەت یەک وشەشی دژ بە تاوانە نامرۆییەکانی گروپە چەتەکانی سەر بە "ئەحمەد شەڕع - جۆلانی" نەگوت.

 

ڕەگ و ڕیشەی ڤایرۆسی داعشیزم ئەمە نە یەکەمجارە و نە دواهەمین جاریش دەبێت کە مێشک-داعشەکان لە باشووری کوردستان و لەژێر سێبەری دەسەڵاتێکی کوردیدا، پەلاماری نرخ و بەها نەتەوەییەکانمان دەدەن، ئەم "ڤایرۆسانە" کە هەڵگری بیری تاریکپەرستیی داعشن، ڕەگ و ڕیشەیان بۆ ئەو ناوەندە عەرەبی و هەرێمیانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر سفرەی داگیرکەران گەورە بوون، ئەمانە جاشە-قەڵەم و جاشە-میمبەرن کە ئەرکیان تەنها دژایەتیکردنی شکۆی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەردۆغانە وەک "باوکی ڕۆحیی داعشەکان''.

 

مێژوویەکی پڕ لە بەیعەت بۆ دوژمن هەر ئەم تاقمە بوون کە کاتی خۆی پیرۆزباییان لە جۆلانی دەکرد و بەیعەتیان لەگەڵ دەبەست، مێژوو لەبیر ناکات کە چۆن هاوپەیمانەکانی ئەم چەتانە لەناو پەرلەمانی هەرێمدا، بە شانازییەوە مژدەی "دەوڵەتی عێراق و شام"یان دەدا و بە دەوڵەتی دراوسێیان دەناسان، هەر ئەو کاتە دەبوو گەلەکەمان بزانێت کە ئەمانە نەک مەلا و ڕێبەر، بەڵکو هاوپەیمانی ئەو هێزانەن کە شنگالیان ڕادەستی داعش کرد و هەوڵی قڕکردنی ئێزدییەکانیاندا.

 

شەڕڤانان؛ هێمای شەرەف و ناسنامەی جیهانی ئەگەر ئەمڕۆ داعشییەک لەسەر میمبەری مزگەوتێکەوە دەوەڕێت و پەلاماری ئەو شەڕڤانانە دەدات کە نەک هەر ڕۆژئاوا، بەڵکو کوردیان بە جیهان ناساند و شکۆی مرۆڤایەتییان پاراست، ئەوە تەنها بە سایەی ئەو فەزا بێسەروبەرەیەیە کە ڕێگەیان پێدەدات لە کوردستاندا تەڕاتێن بکەن، بەڵام دڵنیاین کە گەلی هۆشیاری ئێمە، ڕێگە نادات ئەم تاقمە بە ویستی خۆیان نۆزە بکەن و بیری ژەهراویی خۆیان بڵاو بکەنەوە.

 

سڵاو بۆ هەڵوێستی جۆامێرانەی خەڵك و دانیشتوانی گەڕەكی ڕاپەرین جێگەی شانازی و دەستخۆشییە کە باوەڕمەندانی ڕاستەقینە و کەسایەتییە بلیمەتەکانی شاری هەڵمەت و قوربانی، بە تایبەت نوێژخوێنانی مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەکی ڕاپەڕین، هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئەم سووکایەتییە هەبووە، کۆمەڵگەی کوردی بە دەمی ئەم "ڤایرۆسانە" گڵاو نابێت، ئەوانەی میمبەری پیرۆزیان کردووەتە سەکۆی داگیرکەر، هەرگیز نابنە مەلا و زانای ئەم گەلە؛ ئەوان تەنها وەک پاشکۆی سیستەمە کۆنەپەرستەکان و داردەستی داگیرکەر دەمێننەوە و مێژوو تەنها ڕیسوایی و شەرمەزارییان بۆ دەنووسێتەوە.

 

ئازادیی ژن؛ ئەو مۆتەکەیەی خەوی لە داعشەکان زڕاندووە

ئەم تاقمە نەک هەر خەمخۆری ئایین نین، بەڵکو خودی ئایین وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگە بەکاردەهێنن، کێشەی ئەسڵی ئەمانە لەگەڵ شەڕڤانان، کێشەیە لەگەڵ "هێڵی ئازادیی ژن"؛ چونکە ئەوەی ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و قەڵاکەیانی تەفروتونا کرد، ئیرادەی پۆڵایینی ژنانی ئازاد بوو.

 

ئەو سیستەمەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بونیادنراوە و بووەتە جێگەی سەرنجی جیهان، لەسەر بنەمای ئازادیی ژن داڕێژراوە، هەر ئەمەشە وایکردووە داعشەکان و هاوبیرە نیابەتییەکانیان هاودەنگ و هاوپەیمان بن لە دژایەتیکردنی ئەو ئیرادەیە، ئەوان لەو ژنە دەترسن کە کۆیلایەتی قبووڵ ناکات.

 

بۆیە، لێرەدا ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی ژنانی وڵاتەکەم، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، نەک هەر پیاوانی وڵاتپارێز، بەڵکو پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان، لە دژی ئەم دەمامکدارە ئایینییانەی لە پێستی مەڕدا خۆیان حەشارداوە، دەنگ هەڵببڕن، کاتی ئەوە هاتووە ڕێگە نەدرێت بە ناوی پیرۆزییەکانەوە سوکایەتی بە شکۆی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی ژنان بکرێت و دەبێت ئەم جۆرە تاقمانە لە ناو ویژدانی کۆمەڵگەدا ڕیسوا بکرێن.