خۆپیشاندانەکان بۆ هەشتەمین ڕۆژ بە دروشمی"ژن، ژیان ئازادی" درێژەی هەیە

هەشتەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەرەڕای گرتن و کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردن و پچڕاندنی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران درێژەی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناڕەزایەتی جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنی، کوشتن، سەرکوتکردن، گرتن و پچڕاندنی ئینتەرنێت و فلتەرکردنی تەواوەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەشتەمین رۆژدا بەردەوامی هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، خۆپیشاندەران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە سنە، شنۆ، بۆکان، سەقز، مەریوان، کرماشان، ئیلام، هاتنە سەر شەقامەکان و جارێکی دیکە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ژن ژیان ئازادی"یان دەوتەوە، گوزارشتیان لە توڕەیی و بێزاری لە ڕژێمی ئێران دەکرد کە  توندوتیژیی سیستماتیکی دژ بە ژنان نیشانداوە.

 

هه‌روه‌ها له‌ شاره‌کانی ئێران، وەک تاران، مه‌شهه‌د، ته‌برێز، ڕه‌شت، مازه‌نده‌ران و ئه‌سفه‌هان و چه‌ند شارێکی دیکه‌، خۆپیشانده‌ران دروشمی "مه‌رگ بۆ دیکتاتۆر، ژن ژیان ئازادی، خامنەیی بکوژە" دەوتەوە، ناڕەزایی خۆیان لە سیستمی پەرچەکرداری و یاساکانی ڕژێمی ئێران دژ بە ژنان نیشاندا و ڕایانگەیاند کە تەنیا بە یەکگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم ستەمکارانە دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین.

 

پێویستە بوترێت کە هێزەکانی پاسەوانی تایبەت، سوپای پاسداران و پۆلیس، کە بڕیارە گیان و ماڵی خەڵک بپارێزن، بە چەکی ئاگرین و گازی فرمێسکڕێژ و باتۆن هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بریندار بوون.

 

لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا کە لە کامێرای سی سی تیڤی شوێنە گشتی و تایبەتەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، بە ڕوونی دیارە کە هێزە ئەمنییەکان دەرگا و پەنجەرە و موڵکی دیکەی گشتی و تایبەت دەشکێنن، هەروەها پلانیان هەیە ناڕەزایەتییە گشتییەکان وەک ئاژاوەیەک پیشان بدەن و لە سەرکوتکردنی خەڵک بەکاریبهێنن.

.