دانیشتووانی مەخموور پشتگیری لە بانگەوازی خۆبەڕێوەبەری بۆ سەفەربەری دەکەن
لە کامپی پەنابەرانی مەخموور ڕاگەیەندراوێک بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی خۆبەڕێوەبەری بۆ سەفەربەری درا و داوای لە گەلی کورد کرد یەکڕیزییەکی بەهێز لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا پێکبهێنێت.
مەخموور
لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" ڕاگەیاندراوێک بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ سەفەربەری درا. بانگەوازی گەلی کورد کرا بۆ پێکهێنانی یەکڕیزییەکی پتەو لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد.
گردبوونەوەکە لە ناوەندی کولتوورو هونەری مەخموور بەڕێوەچوو. پێش دەستپێکردنی راگەیاندراوەکە بە خولەکێک بێدەنگی ڕێز لە هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان گیرا، دواتر عەلی بلەهی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل قسەی کرد.
"هێزە هەژموونخوازەکان بەناوی هەتەشە دەیانەوێت تۆڵە لە گەلی کورد بکەنەوە"
عەلی بلەهی ئاماژەی بەوەدا کە هەموو دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا بە زەحمەت و خوێنی شەهیدان بەدیهاتوون و وتی: ئەو هێزە هەژموونیانەی کە پیلانگێڕییان لەدژی ڕێبەرێتی دەستپێکردو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کرد، جارێکی دیکە لە فەرەنسا کۆبوونەتەوە و بڕیاریان لەسەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەرکردووە، ئەوان هەمان ئەو هێزانە بوون کە داعشیان دروستکرد و هێنایانە دژی کورد، بەڵام داعش ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەلی کورد بووە و شکستیهێنا.
"بوونی گەلی کورد لە مەترسیدایە"
عەلی بلەهی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشە دڕندەکان بەهاکانی گەلی کورد دەخاتە مەترسییەوە و وتی: لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوادا بینیمان کە هیچ پشتیوانییەک لە دەرەوەی چیاکانی کوردستانەوە نییە و هیچ دۆستێک بۆ کورد لە دەرەوەی گەلی کورد نییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەوەی لە گەلی کورد دەخوازرێت ئەوەیە کە بە هاودەنگی لە دژی ئەم دڕندەییە بوەستن، ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ بۆ سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەکرێن، مەترسیدارن و مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش هەیە. هەروەها بوونی گەلی کورد لە مەترسیدایە.
"خیانەت لە تێکۆشان بۆ ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کرا"
عەلی بلەهی ڕایگەیاند کە هەموو پلانەکانی داگیرکەران لە ڕێگەی خەباتی گەلی کوردەوە تێکدەشکێن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا کە لە هیچەوە بونیاد نرابوو لەسەر بنەمای بیرۆکە و باوەڕەکانی ڕێبەر ئاپۆ،دەتوانێت ئەم یارییانە بەتاڵ بکاتەوە. خیانەت کرا، ئەوانەی نەیانتوانی هەناسە بدەن لەژێر زوڵمی داعشدا، کاتێک شەڕڤانانی ئازادیخوازان چەتەکانیان تێکشکاند، بینیمان کە هێزێکی بەهێز لێیان نزیک بووەوە، ئەمجارە چەکەکانیان بەخشی بە ئازادیخوازانی کوردستان. بە واتایەکی تر خیانەتیان لە تێکۆشانی ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کرد.
‘ئێمە تا کۆتایی لەگەڵ گەلەکەمان لە ڕۆژئاواداین"
عەلی بلەهی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی دانیشتووانی مەخموور ڕەنگە لە ڕووی جەستەییەوە لەوێ نەبین، بەڵام لە دڵ و ڕۆحماندا لەگەڵ گەلەکەمانداین، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت، ئامادەین لە خەباتیاندا لەگەڵیان بین، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا، بانگەوازی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا دەوەستنەوە و دەڵێن پێویستە لە پێناو ڕۆژاڤادا بوەستنەوە و ڕێگری لەو هێرشە دڕندانە بکەن.
بەیاننامەکە بە دروشم کۆتایی هات.