‌دامەزراوەی نێرگس محەمەدی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران ڕاگەیاند

دامەزراوەی نێرگس محەمەدی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئێمە شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستین و وەستانەوە لەگەڵ خەڵک ئەرکێکی ڕەوشتییە، خەڵکی چەوساوە داوای داخوازییە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، با بە تەقەکردن وەڵام نەدرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢ی کانوونی دووەم، دامەزراوەی نێرگس محەمەدی زیندانی سیاسیی لە ئێران، کە لەلایەن خێزانەکەیەوە دامەزراوە، لەبارەی دۆخی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی پشتیوانییان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بێدەنگی ڕێگەپێدراو نییە، ئێمە شانبەشانی گەلی ئێران دەوەستین، هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە سەرکوتکردنی هاوڵاتییان بەردەوامە و دەستیان کردووە، بە کوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، وەستانەوە لەگەڵ خەڵک هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ڕەوشتییە.

 

ئاماژەیان بەوەش کردووە، خەڵکی چەوساوە داوای داخوازییە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، با بە زیندانیکردن و تەقەکردن وەڵام نەدرێنەوە، ئێمە لەو باوەڕەداین، تەنها بە ڕێگەی شکاندنی بازنەی توندوتیژی و چەوساندنەوە دەگەینە دیموکراسیی و دەستەبەرکردنی مافە مەدەنییەکان، بەرەو داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان بۆ هەمووان.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی نێرگس محەمەدیدا هاتووە، ئێمە لە پاڵ ئەو خێزانانەدا دەوەستین، کە خۆشەویستەکانیان لەدەست داوە، لەپاڵ ئەو دەستگیرکراوانەی، کە بەبێ ئاگادارکردنەوە لە بەندیخانە و گرتووخانە ئەمنییەکان ڕاگیراون، لە پاڵ ئەو بریندارانەی، کە تەنانەت مافی چارەسەری پزیشکییان لێ سەندراوەتەوەو لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، کە داوای مافی ژیانێکی سەلامەت و ئازادیی و دادپەروەری و داهاتوویەکی باشتر دەکەن.