"داگیرکردن و خاپورکردنی گوندەکان لەدوای سەدامیش بەردەوامە"

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لە‌بارە‌ی دۆخی ناوچه‌ کێشەلەسەرەکان هۆشداری ده‌دات و ئاماژەبەوەدەکات، داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای ڕووخانی سەدامیش بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢١ی نیسان، لە گوندی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک لە لایەن عەرەبی هاوردەوە پەلاماری گوندنشینە کوردەکان دراو لە ڕێگەی هەڕەشەوە خواستیان ئەوەیە ئەو ناوچانە لە کورد چۆڵ بکەن، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.


دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "سەرگەڕان و بەدیاریکراوی لە سنوری گوندی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەردەرگا لە دانیشتوانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزەو گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتوانی کوردی ناوچەکەو خۆشی جەژن ئەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشەو چاو سورکردنەوەو پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زارو کێڵگەو کشتوکاڵی ناوچەکە, بەداخەوە ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپورکردنیان لە سایەی حکومەتەکانی دوای ڕووخانی سەدامیش بەردەوامە و ڕوودەدات، ئەوەش دادگاو دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورەوە، ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەو نیگەرانی قوڵی خۆمان ڕادەگەیەنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی سنورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنێت و دوبارەو سەد بارە نەبنەوە وەک لەئێستادا بەدیدەکرێت.

"داوا دەکەین دەستورو یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، داوا دەکەین دەستورو یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاوڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن، هەمو لایەک دڵنیادەکەین بەهەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمان وایە ماددەی 140 بنەما گشتیەکەی چارەسەربونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە ڕوو دەکەینە بەڕێزان لە سەرۆکایەتی کۆمارو وەزیرو فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا، توانا دەستوریەکانی خۆیان لە ئاست جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستوریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی تریش هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادە ڕەویانە

.