دادگای ئەوروپا لە دۆسیەی دەستگیرکردنی ئایلا ئاکات تورکیا شەرمەزار دەکات

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تورکیای بە تاوانی دەستگیرکردنی سیاسەتمەداری کورد ئایلا ئاکات ئاتا لە ساڵی ٢٠١٦دا شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، کە دەستبەسەرکردنی بەبێ "گومانی باوەڕپێکراو" ئەنجامدراوە و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئایلا ئاکات ئاتا سیاسەتمەداری کورد، جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە داڕمانی ئازادییە سیاسییەکان و زیادبوونی سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنییەکان لە تورکیا.

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ١٢ی ئایار، بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تورکیای بە تاوانی دەستگیرکردنی سیاسەتمەداری کورد ئایلا ئاکات ئاتا لە ساڵی ٢٠١٦دا شەرمەزار کرد، دادگا بۆی دەرکەوت کە دەستبەسەرکردنی ئەو ژنە بنەمایەکی یاسایی تەواو نییە و دەسەڵاتدارانی تورکیا مافە بنەڕەتییەکانی پێشێل کردووە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ مسۆگەری کراوە.

 

ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک بڕیاری دادگا دێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بە دەستگیرکردنە سیاسییەکان دەرچووە کە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا ڕوویانداوە.

 

دەستگیرکردن بەبێ "گومانی باوەڕپێکراو"

دادگا جەختی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەکی بناغەی بۆ پاساوهێنانەوە، بۆ دەستگیرکردنی ئایلا ئاکات ئاتا بخەنەڕوو، کە مەرجی "گومانی باوەڕپێکراو" جێبەجێ نەکراوە، کە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر ڕێکارێکی دەستبەسەرکردن.

 

دادگا ڕوونیکردەوە، کە دادگا ناوخۆییەکان نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان تۆمەتەکانی دژی ئەو و چالاکییە سیاسییەکان و لێدوانەکانیدا دروست بکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی ٥/١ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ پێکدەهێنێت.

 

لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە تۆمەتەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ئایلا ئاکات ئاتا لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک "DTK" و وتارەکانی گشتی و پۆستەکانی لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بووە، هەرچەندە ئەم چالاکییانە هیچ هاندانێکیان بۆ توندوتیژی لەخۆ نەگرتبوو، بەڵام داواکاری گشتی بە بەڵگەی "بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەیی"ی زانی.

 

دادگا جەختی لەوە کردەوە، کە ناتوانرێت چالاکی سیاسی ئاشتیانە بکرێتە بنەمایەک بۆ تۆمەتی تاوانکاری لەم جۆرە، هەروەها ڕەخنەی لە بڕیارەکانی درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنی ئایلا ئاکات ئاتا بۆ ماوەی نزیکەی شەش مانگ گرت و بە بێ پاساوی یاسایی پێویست زانی.

 

دادگا ئاماژەی بەوەدا، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا نەیانتوانیوە مەترسی فڕین یان ئەگەری لەناوبردنی بەڵگەکان نیشان بدەن، هەروەها ڕوونی نەکردۆتەوە کە بۆچی ڕێوشوێنی جێگرەوە کەمتر سنووردار بەکارنەهێنراوە، ئەمەش پێشێلکردنی زیاتری مادەی ٥/٣ی پەیماننامەکە پێکدەهێنێت.

 

پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی ڕادەربڕین

دادگا بۆی دەرکەوت کە دەستگیرکردنی ئایلا ئاکات ئاتا لە لێدوانە سیاسییەکانی و بەشداریکردنی گشتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەو واتایەی دەستبەسەرکردنی دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆیە لە ئازادی ڕادەربڕینیدا، هوروەها دەستگیرکردنی نایاسایی ناتوانرێت بە سنووردارکردنی ڕەوای ئازادی ڕادەربڕین هەژمار بکرێت و بەو ئەنجامە گەیشتن کە ماددەی ١٠ی پەیماننامەکەش پێشێل کراوە.

 

بە پشتبەستن بەوانەی پێشوو، دادگا بڕیاریدا تورکیا ٨ هەزار یۆرۆ وەک زیانەکانی ڕەوشتی بدات بە ئایلا ئاکات ئاتا، جگە لە هەزار یۆرۆ بۆ دابینکردنی تێچووی یاسایی، بەمەش کۆی گشتی قەرەبووەکە گەیشتە ٩ هەزار یۆرۆ.

 

ئەم بڕیارە زیاتر دووپاتی دەکاتەوە، کە چالاکییە سیاسییە ئاشتیخوازەکان، لەوانە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان، پێشکەشکردنی وتار و بڵاوکردنەوە لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، ناتوانرێت وەک بەڵگەیەک بۆ ئەندامێتی لە ڕێکخراوە نایاساییەکان بەکاربهێنرێت، مەگەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بە توندوتیژییەوە دروست نەکرێت، هەروەها بڕیارەکە گوزارشت لە نیگەرانییە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکان دەکات سەبارەت بە دەستگیرکردنە سیاسییەکان لە تورکیا، بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سیاسەتمەدارانی کوردیان کردۆتە ئامانج.

 

ئایلا ئاکات ئاتا، ئەندامی پێشووی پەرلەمان لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم شارەوانی گەورەی ئامەد دەستگیرکرا، داواکاری گشتی بە تۆمەتی "دامەزراندن یان بەڕێوەبردنی ڕێکخراوێک"، بە پشتبەستن بە چالاکییەکانی "DTK" وتارەکانی، بڵاوکراوە دیجیتاڵییەکانی، هەروەها تۆمەتەکانی پەیوەست بە کۆنگرەی ژنانی ئازاد (KJA)، لێکۆڵینەوەیەکی لە دژی کردەوە.

 

دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستبەسەرکردن، لە ٤ی ئایاری ٢٠١٧ ئازادکرا، دواتر سکاڵای لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمارکرد، کە ١٢ی ئایار بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد و چەندین پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی پشتڕاستکردەوە.