دادگای ئێران سزای دونیا حوسێنی پەسەند کرد

سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن کە بەسەر بلۆگەر دونیا حوسێنیدا سەپێندرابوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە پەسەند کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دادگای پێداچوونەوەی تاران، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە ڕژێم بۆ بەهێزکردنی ڕژێمی ئیسرائیل" بەسەر بلۆگەر دونیا حوسێنیدا سەپاند.

 

ڕۆژی ١٦ـی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دونیا حوسێنی لە تاران و دەستبەسەریان کرد، و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا ڕایانگەیاند کە گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئێڤین. دوای دەستبەسەرکردنی، کاربەدەستان ماڵەکەشیان مۆر کرد.

 

ڕۆژی ١٢ـی ئاب، بە کەفالەتی سێ ملیار تمەن بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی قەرچاخ لە وەرامین ئازاد کرا تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی.

 

دونیا حوسێنی، پێشتر لە ١١ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو و دەستیان بەسەر ئامێرە ئەلکترۆنی و نووسینەکانیدا گرتبوو. لە دۆسیەیەکی جیاوازدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، سزای پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سزای داراییشی بەسەردا سەپێندرابوو.