دادگای تورکیا سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ حەوت ڕۆژنامەنووس پەسەندکرد
دادگای دادی ئەنقەرە لە دۆسیەی دادگایی کردنی ١١ ڕۆژنامەنووسدا، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ حەوت ڕۆژنامەنووس پەسەندکرد.
					ناوەندی هەواڵ
دادگای دادی ئەنقەرە پێداچوونەوەی کرد بە بڕیارەکانی دۆسیەی ئەو ١١ ڕۆژنامەنووسەی کە لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەستگیرکرابوون بە "تۆمەتی ئەندامێتیی ڕێکخستن" و بە بڕیاری چوارەم دادگای سزای قورسی ئەنقەرە لە ٣ـی تەممووزی ٢٠٢٥ـدا سزادرابوون.
دادگاکە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ دیرەن یورتسەڤەر، سەلمان گوزەلیوز، هاکان یاڵچن، ئەمروڵا ئاجار و زەمۆ ئاگۆز، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئۆزنور دەگەر، بەڕێوبەری هەواڵی ژننیوزو ڕۆژنامەنووس دەنیز نازلیم پەسەندکرد.
هەروەها دادگاکە بڕیاری بێتاوانی بۆحەبیبە ئەرەن، پەیامنێری پێشووی ژننیوزو جەیلان شاهینلی، پەیامنێری میزۆپۆتامیا و محەمەد گونهانیش، ڕاهێنراوی پێشووی میزۆپۆتامیاپەسەندکرد. هاوکات بڕیاری پەیوەست بە دۆسیەی بێریڤان ئاڵتان، پەیامنێری میزۆپۆتامیا پووچەڵکرایەوە.