"هۆکاری سەرەکی پێشێلکارییەکان سیاسەتەکانی دەوڵەتە"

سۆنگول ئارگوناگا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، ئاماژەی بەوەدا، هۆکاری سەرەکی پێشێلکردنی مافەکان سیاسەتەکانی دەوڵەتە و دژی ئەو سیاسەتانە تێکۆشان دەکەن.

مەدینە مامەدئوغلو

 

ئامەد- ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی پەسەندکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤە و لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ەوە، هەموو ساڵێک وەک بەشێک لە هەفتەی مافی مرۆڤ، چالاکییەکان لە نێوان ١٠ و ١٧ی کانوونی یەکەمەدا بەڕێوەدەچن و سەرنج بۆ پێشێلکارییەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ ڕادەکێشن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-İHD و دامەزراوەی مافی مرۆڤی تورکیا-TIHV لەم چوارچێوەیەدا "ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤"یان بڵاوکردەوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە؛ لە ماوەی ١١ مانگدا ٦٩٢ کەس داواکارییان پێشکەش بە دامەزراوەی مافی مرۆڤی تورکیا کردووە، سکاڵایان لەسەر ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ تومار کردووە، کە ٨١ کەسیان منداڵ بوون، هەورەوها لانیکەم دوو هەزار و ٨٠٥ کەسیان بە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ دەستبەسەر کراون.

 

سۆنگول ئارگوناگا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هۆکارەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و وتی: بارودۆخی ئەمڕۆی تورکیا بە هیچ شێوەیەک باش نییە. لەم وڵاتەدا لە بەردەم مێزێکی ڕەشداین، ئەو پرۆسەیەی لەبەردەمماندایە بە هیچ شێوەیەک گەشاوە دەرناکەوێت، ئێمە لە تێکۆشانداین بۆ دەرچوون لەم تاریکییە. دەبینین پێشێلکاری زۆر لە دژی ژنان و زیندانیان و منداڵ و کرێکاران هەیە. دەتوانین بڵێین دەوڵەت دان بە هیچ مافێکدا نانێت و سیاسەتێک دژی مافەکان بەڕێوەدەبات.

 

پێشێلکردنی مافی ژیانی ژنان

سۆنگول ئارگوناگا ڕایگەیاند کە مافەکانی کۆمەڵگە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا پێشێل دەکرێن و ژنانیش یەکەمین قوربانی ئەم پێشێلکاریانەن و ڕایگەیاند کە هەوڵدەدەن مافی ژیانی ژنان بسەننەوە.

 

سۆنگول ئارگوناگا، بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە بەرامبەر بە ژنان ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ یەکێکە لە پێشێلکارییەکان و درێژەی بە قسەکانی دا، "گەورەترین ئاواتی ئێمەی ژنان ئەوەیە کە ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ جێبەجێ بکرێت. لە کاتی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دا دەستبەجێ ژنان کرانە ئامانج. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ڕق و کینە لە دژی ژنان و کوشتنی ژنانی لەگەڵ خۆی هێنا، مافی ژیان پێشێل دەکرێت. ئەمساڵ دەبینین کوشتنی ژنان زیاتر دەبێت، هۆکاری ئەمەش سیاسەتەکانی دژ بە ژنانە. بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە ژنان لە ئاسایش بێبەش دەبن".

 

"بیرکردنەوە و ئازادی ڕادەربڕین دەکرێتە ئامانج"

سۆنگول ئارگوناگا ڕایگەیاند کە هەوڵدەدەن لە هەموو ڕوویەکەوە کۆمەڵگە بە "قەدەغەکردن" گەمارۆ بدەن و ڕایگەیاند، کۆمەڵگە هەم لە مافی ئیدانەکردن و هەم لە ئازادی ڕادەربڕین بێبەشە، وتیشی: مافی مرۆڤ بە پلەی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەموو جیهان بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە پێشێل دەکرێت، پێدەچێت ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، ئەم پێشێلکارییانە زیاتر دەبن. دانانی قەیومەکان بۆ سەر شارەوانیەکان و شتی تریش ڕوودەدات، دەستگیرکردن و توندوتیژی بە ڕوونی پێشێلکردنی مافەکان نیشان دەدات.

 

"پێشێلکاری مافەکان لە زیندانەکاندا زیادی کرد"

سۆنگول ئارگوناگا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دروستکردنی زیندانەکانی جۆری ئێس و وای، پێشێلکردنی مافی زیندانییەکان زیادیکردووە و وتی: ئەمساڵ ئەوەی پێویستە بیهێنینە بەرنامەی کارەکەمان پێشێلکارییەکانی زیندانەکانی جۆری ئێس و وای بوو. لەم زیندانانەدا زیندانییەکان لە مافی ژیان و هەموو مافەکانیان زەوت دەکرێن، شوێنی ژیانیان تەسک بووەتەوە و لە گۆشەگیریدا دەژین.

 

"پێویستە هەموومان پێکەوە تێکۆشان بکەین"

سۆنگول ئارگوناگا بە بیری هێنایەوە کە تێکۆشان دژی سیاسەتەکانی پێشێلکاری تا دێت گرنگتر دەبێت و لە کۆتاییدا دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردوودا پێشێلکاری هەبووە، بەڵام بە سیاسەتی نوێ قووڵتر بووەتەوە، ئەم تابلۆیە ئەوە دەردەخات کە لە کاتەکانی داهاتوودا دۆخەکە خراپتر دەبێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەموو شوێنێک درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن. لە بەرامبەر ئەم سیاسەت و پێشێلکاریانەدا بەرگری لە مافەکانمان دەکەین، هەم ئەمڕۆ و چ لە داهاتووشدا تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت.