لە تەعز ژنان بە سیمپۆزیۆمێک سەرنجیان بۆ سەر پێشێلکارییەکان ڕاکێشا
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمپۆزیۆمێک بە ناوی "ژنانی یەمەن لە کاتی شەڕدا" لە شاری تەعز لە یەمەن بەڕێوەچوو.
هالە حاشیدی
یەمەن- ژنان لە یەمەن لە مافە سەرەتاییەکانیان زەوت دەکرێن، ئەمەش وا دەکات لە داهاتوو بێهیوا بن و ببنە ئامانجی ململانێکان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمپۆزیۆمێک بە ناوی "ژنانی یەمەن لە کاتی شەڕدا" لە شاری تەعز لە یەمەن بەڕێوەچوو، تیایدا ئاماژە بەوەکرا،لە ململانێکانی یەمەندا ژنان هەڵوێستێکی پتەو و یەکلاکەرەوەیان هەیە، بەڵام لە پشت ئەو هەڵوێستە بەهێزەوە ئەزموونی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی هەیە.
"پێویستمان بە دیدێکی ڕوون هەیە بۆ ژنان"
سەباح ڕاجە لە وتارەکەیدا لە سیمپۆزیۆمەکەدا وتی: کۆمەڵگەی یەمەن پێویستی بە دیدێکی ڕوون هەیە بۆ ژنان، چونکە بارودۆخی ڕەوشتی نەرێنی هەیە کە دەبێت ڕابگیرێت، ژنان بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە سەربەخۆ بن، پێویستە لە منداڵییەوە پەروەردەی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بەئاگا بێت و ئاگاداری ڕۆڵی ژنانی خوێندەوار بێت.
"پێویستە پیاوان پەروەردە بکرێن بۆ ئەوەی لەم جۆرە ڕۆژانەدا کۆببنەوە"
هەروەها نەوال عەلی سەرنجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوکیدا، توندوتیژی خێزانی دژی ژنان ڕاکێشا و وتی: لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا پێویستە ئاشتەوایی هەبێت و پیاوان پەروەردەیان پێبکرێت بۆ ڕێزگرتن لە ژنان، ئەم جۆرە ڕۆژانە گرنگن و دەبنە ئامڕازێک بۆ گفتوگۆی باشی نێوان ژن و پیاو.
نەوال عەلی سەرنجی بۆ هەراسانکردن و توندوتیژی دیجیتاڵی ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و پێویستە پارێزراو بن.
توندوتیژی لەناو توندوتیژیدا
هەیام یوسف ئاماژەی بەوەدا، توندوتیژی دژ به ژنان زۆر جۆری هەیەو وتی: ئیتر توندوتیژی بە لێدان سنووردار نەماوە، ژنان لە خوێندن و کار و تەنانەت مافی دایکایەتی و هاوسەرگیری بێبەش دەکرێن، توندوتیژی دیجیتاڵی و زارەکی و جەستەیی و سۆزداری هەیە، تێکچوونی دەروونی و زەوتکردنی هەموو مافەکان لەگەڵ ململانێی یەمەن خراپتر بووە و ئەمەش توندوتیژییەکی دیکەیە لە نێوان توندوتیژیدا.
"پێویستە هەوڵی کۆمەڵایەتی زیاتر هەبێت"
لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا بانگەوازێک کرا بۆ هەوڵی زیاتری کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لە ژنانی یەمەن و ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتیان.
هەروەها لە سیمپۆزیۆمەکەدا داوا کرا کە گرووپە جیاجیاکانی کۆمەڵگە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەنگی ژنانی یەمەن ببیسترێت و مافە دزراوەکانیان وەربگیرێتەوە، و بە کردەیی و هەمیشەیی پێویستە چارەسەرەکان بدۆزرێتەوە.