پور و برای سارینا ساعدیی گیانبەختکردوو دەستگیرکران

موعید ساعدی و ڕێزان ساعدی، برا و پوری سارینا ساعدی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی سەرکوتکردنی بنەماڵەی داواکارانی دادپەروەری، موعید ساعدی و ڕێزان ساعدی، برا و پوری سارینا ساعدی، یەکێک لە گیان بەختکردووانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بردران بۆ شوێنێکی نادیار.

 

موعید ساعدی و ڕێزان ساعدی دوای هێرشی هێزە ئەمنییەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنەماڵەکانی داواکارانی دادپەروەری لە گۆڕستانی بهەشت محەمەدی سنە، دەستبەسەر کراون.

 

تا ساتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و بارودۆخ و شوێنی ئەو دوو هاوڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

 

سارینا ساعدی، گەنجێکی تەمەن ١٥ ساڵان، لە ٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە هۆی لێدانی بە چەقۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، گیانی بەختکرد.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین کەس لە بنەماڵەی داواکارانیی دادپەروەری وەک مینا سوڵتانی، ڕامیار ئەبوبەکری، سیاواش سۆڵتانیاز، ئەحمەد حەسەنزادە و گەوهەر ئەشقی و هتد، دەستبەسەر کران و زۆرێک لە بنەماڵەی داواکاران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کران و هەڕەشەی ئەوەیان لێکرا، کە بۆ ساڵیادی کوشتنی منداڵەکانیان مەراسیم ساز نەکەن.