"کامپی مەخموور ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە"

قیمەت کلنچ، ئەندامی ئەنجومەنی کۆردیناسیۆنی عشتار لە کامپی مەخموور، ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کامپی مەخموور لەژێر بەرپرسیارێتی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقدایە، بەڵام ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرش دەکرێتە سەر کامپەکە.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- خەڵکی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی - مەخموور لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە ڕوویان لە عێراق کرد و دوای ئاوارەبوونێکی دوور و درێژی پەنابەری لە کامپی مەخموور نیشتەجێ بوون، خەڵکی مەخموور تەنها لە ماوەی ٦ ڕۆژدا دوو هێرشی ئاسمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرایە سەریان، لە هێرشەکەی ١٠ی ئەیلوول بۆ سەر ماڵی دایکانی ئاشتی ٣ دایک بریندار بوون و زیانی ماددی زۆریش کەوتووە، دوێنێش ١٦ی ئەیلوول، دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی ئاسمانی دیکەی ئەنجامدا و ئەمجارە باخچەی خێزانێکی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

 

قیمەت کلنچ، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆردیناسیۆنی عشتاری کامپی مەخموور سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کامپەکە، هەرچەندە ئێمە کامپێکین لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان و لەژێر پاراستنی حکومەتی عێراقداین، بەڵام ڕۆژانە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدرێن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلی کورد لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو خەڵکەی بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان ڕێکخستووە لەناو ببات، هەمووان دەزانن کامپی مەخموور کامپی پەنابەرانی سیاسی و کامپی خەڵکی مەدەنییە، خەڵکی مەخموور بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورک لە دژی ئەوان کۆچیان کرد بۆ عێراق، ئێمە وەک خەڵکی مەخموور بەهۆی ناسنامەی سیاسی خۆمانەوە کۆچمان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە درێژە بە ژیانمان دەدەین، ئێمە وەک کۆمەڵگەی مەخموور، خۆمان، خۆپاراستنی خۆمان دەکەین.

 

"لەئەنجامی هەر هێرشێکدا منداڵ، ژن و کۆمەڵگە زیانیان بەردەکەوێت"

قیمەت کلنچ ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق لەناو کامپەکەدا بوون و بەردەوامن لە کاری سەرژمێری، بەڵام هێرش دەکەنە سەر کامپەکە، دەوڵەتی تورکیا ماڵی دایکانی ئاشتی کردە ئامانج کە داوای ئاشتی دەکەن، لە ئەنجامی هەر هێرشێکدا منداڵ و ژن و کۆمەڵگە کاریگەرییان لەسەرە، هێرشەکانی دژی ئێمە لە ئەنجامی دەستێوەردانی بۆگەنی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕوویان دا، وەک خەڵکی کامپ ڕۆژانە ڕووبەڕووی شەڕێکی تایبەت دەبینەوە، ئەمەش بە هاوکاری پەدەکە و عێراق ئەنجامدرا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەڵێن ئێمە مافی مرۆڤ و پەنابەران دەپارێزین، بێدەنگی خۆیان دەپارێزن، ئەم بێدەنگییە نیشانەی هاوکاری ئەوانە.

 

"بە هاوکاریی پەدەکە خاکی باشووری کوردستان داگیرکراوە"

قیمەت کلنچ ئاماژەی بەوەدا کە پەدەکە  و حکومەتی عێراق لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاوکارن و وتی: ئەمڕۆ دێنە کامپی مەخموور و بە هاوکاریی پەدەکە تەواوی خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیر دەکرێت، پەدەکە و حکومەتی عێراق لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان و لەناوبردنی گەلی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاوکاری دەکەن، داوا لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکان، داوا لە مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن، حکومەتی عێراق کە دەڵێت ئێمە خەڵکی مەخموور دەپارێزین، ئاسمانی خۆی بۆ فڕۆکەکانی تورکیا دەکاتەوە، دەوڵەتی تورکیا و هێزە داگیرکەرەکان شەرمەزار دەکەین.

 

"پێویستە یەکبگرین و تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە"

قیمەت کلنچ، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە گەلی کورد کرد لە بەرامبەر هێرشەکاندا تێبکۆشن و وتی: وەک گەلی کورد دەبێت یەکگرتوو بین و تێکۆشانمان لە دژی هێرشەکان زیاد بکەین، سەرەڕای هەموو هێرشەکان، دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین و بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوای ئازادیدا.