بەهۆی بۆردوومانکردنی چادری ئاوارەکانی غەززە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەلمەواس لە خان یونس بۆ سەر چادری ئاوارەکان ٤٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٦٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بەردەوامە و هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، ئەوانەشی کە ئاوارەبوون لەناو ماڵوێرانی و برسێتی کوشندەدا دەژین.

 

ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل خێمەی ئاوارەکانیان لە ناوچەی ئەلمەواسی شاری خان یونس، کە بە "سەلامەت" پۆلێن دەکرا، بۆردوومان کرد و  زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونە قوربانی، ئەو خێمانەی کە بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ئەنجامی توندی هێرشەکان سووتاون و بە تەواوی بوون بە سوتماک.

 

لە بەرامبەردا بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەززە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی نوێ و شۆککەریان بەرامبەر بە خەڵکی ئاوارە لە ناوچەی ئەلمەواس ئەنجامدا، کە ئەمەش مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا دەیان کەسی بێسەروشوێن لە ژێر داروپەردوودا ماون، لە کاتێکدا کە تیمەکانی بەرگری شارستانی کاردەکەن بۆ دەرکردنی گیان لەدەستداوان و هەوڵی ڕزگارکردنی ژمارەیەک قوربانی دەدەن کە گیریان خواردووە.