چوار هەزار كەس لە كامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە عێراق

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایانگەیاند ژمارەی ئەو كەسانەی لە كامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە نزیكەی چوار هەزار كەس.

ناوەندی هەواڵ

 

بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ژمارەی ئەو كەسانەی لە كامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە ڕایگەیاند، كامپی هۆل لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو نەتەوەكان نزیكەی زیاتر لە ٥٣ هەزار كەسی تێدایە، لەناویاندا ٢٠ هەزاریان عێراقین، زۆربەی وڵاتانی جیهان دوودڵن لە گەڕانەوەی هاوڵاتییان، لەكاتێكدا کامپەکە بووەتە جێگایەكی مەترسیداری داعش و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای گەڕانەوەی چەتەکان و داخستنی کامپەکە دەکات.

 

بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ڕێكارەكانی عێراق تا ڕادەیەک سەركەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی زۆرێک لەوانەی دەستیان لە خوێنی عێراقییەكاندا نەبووە، بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون دادگای دەكرێن، هەروەها منداڵان و ژنان تاوانی كەسانی دیكە ناگرنە ئەستۆ، بۆیە دەبێت عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم پێوەرەدا بكات، عێراق یەكەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان كە سەركەوتوو بوو لە گەڕانەوەی هاوڵاتییان.

 

بە پێی زانیارییەکان كۆی گشتی عێراقییەكان لە كامپی هۆل ٢٠ هەزار کەسە، هەروەها ئەوانەی گەڕاونەتەوە عێراق نزیكەی چوار هەزار كەسن، سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێم بریكاری وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، پەیوەندی باشی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ گەیشتووەتە ئاستێكی لێكتێگەیشتن كە ڕێگە بە هەماهەنگییەكی بەرز دەدات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ٢٢ كامپی دهۆك و هەولێر بۆ زێدى خۆیان.

 

لە كۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد لیژنەیەک هەیە بەپێی فەرمانی دیوانی ٢٤٤٣، كە لە سێ لایەن پێكهاتووە، بریتین لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان، كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكەن.