ڕاپۆرتێک: کوشتنی ژنان لە ئێران زیاد بووە

ڕق و کینە لە بەرامبەر ژنان لە ئێراندا هەمیشە باو بووە، بە پێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵانی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی مەترسیدار کوشتنی ژنان زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژنامەی "اعتماد"ی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنانەی بەناوی "شەرەف" یان ناکۆکی خێزانییەوە کوژراون، ڕاگەیاند.

 

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە ٢١ی تەمووز بڵاویکردەوە، پشتڕاستی کردەوە لانیکەم ٨٥ ژن لە چارەکی یەکەمی ساڵی "٢٠٢٢، ٢٠٢٣، ٢٠٢٤" لەلایەن ئەندامێکی بنەماڵەکەیانەوە کوژراون، و تاران لە پێشەنگی ئامارەکاندایە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٢ ژن لەلایەن پیاوانی نزیک لە خۆیانەوە کوژراون، هاوکات لە هەمان ماوەی ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٢٨ ژن و ٣٥ ژن کە کوژراون.

 

چەندین شاری ئێران شایەتحاڵی زۆرترین ژمارەی کوشتنی ژنان بوون، لەوانە ورمێ، تاڵش، تەبرێز، مەشهەد، ئێرانشار بە ٥ کوشتن لە پلەی یەکەمدا بوون و زۆربەی دۆسیەکان لە ڕاگەیاندنەکان بڵاونەکراونەتەوە.

 

هەروەها ڕۆژنامەی "شەرق" لەم دواییانەدا بڵاویکردەوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ تا هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣، بە تێکڕا لە هەر چوار ڕۆژێکدا یەک کوشتن ڕوویداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە ئەم ژمارەیە زیاتر بێت، چونکە کوشتنی ژنان زۆرن کە لە زۆر شوێنی وڵاتدا ڕاپۆرت نەکراون.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ژنێکی گەنج بە ناوی ڕازیە حەسەنوەند خەڵکی شاری شەتر لە لوڕستان لەلایەن براکەیەوە کوژرا و ڕێکخراوی “هەنگاو”ی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەوکاتەدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا لانیکەم حەوت ژن بەهۆی پاڵنەرەکانی "شەرەف"ەوە کوژراون.