چالاکوانێکی سیاسی کورد ماوەی ساڵێک حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێنرا

چالاکوانی سیاسی ژیلا هەژبری دووبارە دەستگیرکرایەوە، تا ماوەی ساڵێک زیندانییەکەی لە زیندانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ژیلا هەژبری چالاکوانی سیاسیی خەڵکی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی تەواوکردنی سزاکەی، ڕەوانەی زیندانی ژنان لە شاری سنە کرا.

 

ژیلا هەژبری، چالاکوانی سیاسی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند هەفتە لێکۆڵینەوە، لە یەکێک لە زیندانە ئەمنییەکانی شاری ورمێوە بۆ بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە.

 

باس لەوە دەکرێت کە پاش یەک مانگ، ژیلا هەژبری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ چاکسازیی سنە گوازراوەتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک، ڕۆژانە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە مەبەستی لێپرسینەوە براوە، دوای چەند مانگێک لە دەستبەسەرکردنی، ناوبراو بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی لە چاکسازیی سنە ئازاد کرا.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی "سەر بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان"، "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم" و "نافەرمانی فەرمانبەرێکی حکومەت" بە ٧ ساڵ زیندانی سزادرا و دواتر کەمکرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ.