لە بەغدا باوکێک کە دەیویست کچەکەی بفرۆشێت دەستگیر کرا
باوكێك لە بەغدا کە كچە گەنجەكەی بۆ فرۆشتن بەرامبەر ٥ هەزار دۆلاری ئەمریكی نمایش دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر کرا.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵگری عێراق بڵاویكردەوە، مەفرەزەكانیان زانیاریان بەدەست گەیشت كە كەسێك كچەكەی خۆی کە لە تەمەنێکی کەمدایە لە بەرامبەر بڕی ٥ هەزار دۆلاری ئەمریکی نمایش كردووە بۆ فرۆشتن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستبەجێ تیمێكی هەواڵگری و لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری پێكهێندرا و شوێن و كاتی فرۆشتنی كچەكە ئاشكرا كرا، تۆمەتبار كە باوكی كچەكەیە دەستگیر كرا و پرۆسەی فرۆشتنەكە شكستی پێهێنرا.
هەواڵگری عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو باوكە بەبێ گوێدانە چارەنوسی كچەكەی هەوڵی داوە بیفرۆشێت بەرامبەر بڕێك پارە، وتەی تۆمەتبار وەرگیراوە و ڕەوانەی لایەنی تایبەتمەند كراوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە و سزای خۆی وەربگرێت.