ئەو واژۆیانەی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆکرابوونەوە، ڕادەستی سی پی تی کران

٢ ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ٢١١ واژۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە ئامانجی ئازادکردنی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری کۆکرایەوە و ڕادەستی سی پی تی کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چاویان کەوت بە کۆمیتەی بەگژداچوونەوەی ئەشکەنجە “سی پی تی”.

 

ئیدریس سەعید، هاوسەرۆکی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خانم ئایۆ، هاوسەرۆکی پارێزەرانی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا، فایەق یەگیزای، نوێنەریی کۆنسەی ئەوروپای هەدەپە، لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیری دوو ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ٢١١ واژۆیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شام و حەلەب و شارەکانی تر کۆکردەوە و ڕادەستی بەرپرسانی کۆنسەی ئەوروپای “سی پی تی” یان کرد.

 

شاندەکەى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای چاوپێکەوتنەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیایدا، خانم ئایۆ، بەناوی یەکێتی پارێزەرانی سووریا وتی: لە چاوپێکەوتنەکەدا، داوامان کرد گۆشەگیری کۆتایی بێت و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، واژۆکانمان ڕادەستیان کرد، ئەوانیش لە بارەی دوا سەردانەوە زانیارییان پێ داین، ڕاپۆرتیان ئامادە کردووە، بەڵام ناتوانن بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەنەوە، گووتیان پێویستی بە ڕێگەپێدانی دەوڵەتە.

 

ئیدریس سەعید، هاوسەرۆکی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند، لە شێوەی کەمپینێکدا دەسپێشخەرییەکی جەماوەریان دەستپێکردووە لە سەرانسەری ڕۆژئاوا بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە ١٢ ی کانوونی دووەمەوە تا ١٣ ی ئادار، کورد و عەرەب و ئەرمەن و سریان و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بەشداری کەمپینەکە بوون.

 

ئاماژەى بەوەشکردوە، دوو ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ٢١١ واژۆ کۆکراوەتەوەو  چاویشیان بە شاندی “سی پی تی” کەوتووە و واژۆکانیان ڕادەست کردوون، وتیشی: ئێمە داوامان کرد لە نزیکترین کاتدا ڕێگە بدرێت بە سەردانیکردنی (سی پی تی) و پارێزەر و ماڵبات، ئەوان گوتیان” خەمی ئێوە، خەمی ئێمەشە، ئێمە چاودێری ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین”.

 

شاندەکەى سی پی تی ئاماژەیان بەوە کردووە داخوازییەکان دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وتووشیانە ساڵی ڕابردوو ڕێبەر ئاپۆ و سێ هەڤاڵەکەیان بینیووە.