ژنانی مەخمور: گەمارۆدان بە تەل قبوڵ ناکەین

دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور هەڵوێستی خۆیان لەسەر گەمارۆدانی کامپەکە بە تەل دەربڕی و وتیان هەرگیز ئەو گەمارۆیە قبوڵ ناکەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ سەرکەوتن.

مەخمور

 

سوپای عێراق لە کاتژمێر ٤ی بەیانی ئەمڕۆوە دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەک و پۆلیس و هێزی تایبەت و تەلی بۆ گەمارۆدانی مەخمور ڕەوانە کردووە، بەڵام خەڵکی کامپەکە بە هۆشیارییەوە بەرەو شوێنەکە ڕۆیشتن، دژی هەوڵەکانی عێراق دەوەستنەوە و ڕێگە نادەن دەوروبەری کامپەکە گەمارۆ بدرێت، دانیشتوانی کامپەکە لە دژی ئەو هەوڵە چادریان دانا و ئەو دایکانەی کە لە دژی گەمارۆکە لەوێدان هەڵوێستی خۆیان لە دژی هەوڵەکانی گەمارۆ بە تەل نیشاندا.

 

"ئێمە هەرگیز بڵاو نابینەوە"

وەسیلە چەلەبی ئاماژەی بەوەکرد، هەرگیز تەل لە دەوروبەریان قبوڵ ناکەن و وتی: ئەم بەیانییە سەربازە عێراقییەکان دەیانەوێت بە تەل گەمارۆمان بدەن، ئێمە نادادپەروەری قبوڵ ناکەین، ماوەی ٣٠ ساڵە ئاوارە بووین، ئەردۆغان دوای ئێمە کەوتووە و هەمیشە دەڵێت من ئەم گەلە بڵاودەکەمەوە، ئەو هەوڵدەدات ئێمە بترسێنێت، بەڵام ئێمە هەرگیز ناترسین و بڵاو نابینەوە، ئێمە تا کۆتایی ژیانمان بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و هەرگیز گەمارۆ قبوڵ ناکەین، بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین و دەپرسین کوانێ مافی مرۆڤ، کوا دادپەروەریتان؟، ئێوە ٢٥ ساڵە ڕێبەرەکەی ئێمەتان گرتووە. لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوت و جارێکی دیکە وەک گورگێکی توند دەگەڕێتەوە بۆ کامپەکەمان و دەیەوێت بڵاومان بکاتەوە، ئێمە هەرگیز بڵاو نابینەوە و دەستبەرداری دۆزەکەمان نابین، با بزانن هەرچی دەکەن ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین لە خەباتمان، سەربازە عێراقییەکان کاتژمێر ٤ی بەیانی هاتن بۆ ئێرە و هەوڵیان دەدا دەوری کامپەکە تەل بکەن، ئەو خەڵکە لە کاتژمێر ٤ی بەیانیەوە بەخەبەر هاتوون و ئێمە بەرخۆدان دەکەین و ڕێگە نادەین لە دەوروبەرمان تەل دابنرێت.

 

"ڕێگەنادەین دەوروبەرمان تەل بکرێت"

هاجەر تۆک بە توندی ئیدانەی هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بە تەل گەمارۆیان بدات و وتی: ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر ٣:٣٠ بۆ ٤:٠٠ی بەرەبەیانی سەربازە عێراقییەکان ویستیان بە تەل گەمارۆمان بدەن، ئەمە بڕیاری ئەردۆغانە، ئێمە ٣٠ ساڵە پەنابەرین، بەهۆی سەرکوتکردنی دەوڵەتی تورکیاوە وەک پەنابەری سیاسی قبوڵکراوین، سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە تێکۆشانمان تا کۆتایی ژیانمان، ڕێگە نادەین دەوروبەرمان تەل بکرێت، گەلی مەخمور لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵ لەسەر پێیەکانیانن و هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین، ئەمە ٧-٨ کامپە کە ئێمە دەیگۆڕین و جارێکی دیکە سەرکوتکردنمان بەردەوام دەبێت، ڕێیان گرتووە و گەمارۆیان داوین، ئەو دایکانەی منداڵیان دەبێت منداڵەکانیان لە ڕێگادا لەدەستداوە، سەربازە عێراقییەکان لەسەر بڕیاری ئەردۆغان لێرەن، ئێمە هەرگیز ئەم بڕیارە قبوڵ ناکەین.