دەوڵەتی تورک بە دروستکردنی بەنداو ئاستی ئاوی فوراتی دابەزاندووە
بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاستی ئاوی ڕوباری فورات لە پارێزگای ئەنبار کەمیکردووە و بووەتە هۆی كۆچی جووتیاران و دەستبەردان لە کاری کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا.
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورک کە بەهەموو ڕێگەیەک دژایەتی وڵاتانی دراوسێی خۆی دەکات بە تایبەتی عێراق و سوریا، هەمیشە بە دروستکردنی بەنداو گرتنەوەی ئاو ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتی دابەزاندووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیان هەیەو لەپێشیاندا زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی گەیاندووە.
دروستکردنی بەنداوی نوێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەسەر ڕووباری فورات بووەتە هۆی كەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگاکانی كەربەلا، نەجەف، زیقار و ئەنبار و بەسرە لە عێراق، بە شێوەیەک كاریگەری نەرێنی لەسەر سامانی كشتوكاڵی و ئاژەڵ لە ناوچەكانی عێراق دروستكردووە، لە ئەنبار جووتیاران بۆ ئەوەی بە دوای بژێوی ژیاندا بگەڕێن، دەستبەرداری کاری کشتوکاڵی بوون و لە گوندەکانەوە بەرەو شارەكان کۆچ دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە عێراق ساڵانەی پێویستی نزیكەی بە ٥٠ ملیار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام لە ئێستادا بەردەستبوونی ئاو نزیكەی ١٨ ملیار مەتر سێجایە، ئەم ڕێژەیەش بەس نیە بۆ پڕكردنەوەی پێویستی ٤١ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی.