پەیامی هاوبەشی ژنانی ڕۆژهەڵات، لەبیرت بێت پشت لە شیعر و گۆرانی و خەونەکانت نەکەیت

ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان یادی شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر و ئەوانی دیکەیان کردەوە کە لە ١ی ئایاردا لە سێدارە دراون و پەیامێکی هاوبەشیان بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانەوە بڵاوکردەوە.

کرماشان

 

چەندین ژنی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە شارەکانی کرماشان، ڕەوانسەر و مەهاباد، ڕۆژی ٩ ئایار، بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستا، ڕێزیان لە یادی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی و کەسانی دیکەی لە سێدارەدراو گرت، لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا ئەو وتە بەناوبانگەی فەرزاد کەمانگەری بەکارهێناوە کە دەڵێت "بیرت بێت پشت لە شیعر و گۆرانی، خەونەکانت نەکەیت".

 

هەروەها هاشتاگی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناوی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهولی لە پەیامەکەیاندا داناوە، لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا، بێژەرەکە بە کوردی دەڵێت: "بژی شەهیدانی ٩ ئایار و شەهید فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی".

 

فەرزاد کەمانگەر مامۆستای ناڕازی و چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری کامیارانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بوو، کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکرا و دوای بەرگەگرتنی ٣٣ مانگ زیندان و زیندانی تاکەکەسی و ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لە ٩ی  ئایاری ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان، لە زیندانی ئەڤین لە سێدارە دران.

 

شیرین عەلەمهۆلی کە خەڵکی گوندی دیلام قشڵاق سەر بە شاری ماکۆ بوو، دوای بەرگەگرتنی دوو ساڵ زیندانی و ئەشکەنجە بە تاوانی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە هەمان ڕۆژدا لەگەڵ کەسانی دیکەی ناودار لە سێدارە درا.

 

عاتیفە نەبەوی، یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکان، دەگێڕێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە زیندانی ئەڤین لە شیرین عەلەمهولیەوە گوێی لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووە، کە لە سەرووی جێگاکەیەوە ئەم دروشمەی نووسیبوو.