لەگەڵ زیادبوونی ژنان لە بواری مۆسیقا، هەوڵەکانیش بۆ ڕێگریکردن لە ژنان زیاتر بووە

ئەسرین دەڵێت: "تەنها لەبەر ئەوەی ژن بووین لە کۆمەڵگەی ئێران، ناچارین بە نهێنی و تەنیا بۆ خۆمان گۆرانی بڵێین، چونکە هەر لە منداڵییەوە پێمان دەوترێت کە تەنانەت نابێت بە دەنگی بەرز لە بەردەم خەڵکدا قسە بکەیت، چ جای گۆرانی بڵێیت."

ژوان کەرەمی

 

دیواندەرە- بە بڕوای زۆربەی شیعە و سوننەکان، گۆرانی وتنی ژنان قەدەغەیە، ڕژێمی ئێرانیش ساڵانێکە پەخش و پێشکەشکردنی گۆرانی ژنانی لە ئێران لە شێوەی ئەلبووم، کلیپ، کۆنسێرت و هەر جۆرە نمایشێک لەسەر شانۆ قەدەغە کردووە، لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەسرین " ناوی خوازراو" قسەمان کرد کە ژنێکە کە حەزی لە گۆرانی وتنە و سەرەڕای بەهرە و حەزەکانی، زۆر هۆکار ڕێگریان لێکردووە کە نەتوانێت بەدوای مۆسیقادا بگەڕێت.

 

هەرچەندە حەز و بەهرەیەکی زۆرت لە بواری گۆرانی وتن هەیە، بەڵام بە جددی و پیشەیی وەرت نەگرتووە، هۆکاری ئەوە چی بووە؟

 

ژن کەم نییە هەزاران بەهرە و لێهاتووی هەیە، بەڵام تەنها بەهۆی تاوانی ژن بوون و دابونەریتی کۆمەڵگەکان کە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی پیاوسالاری دامەزراون، ناتوانن بدرەوشێنەوە و بە جددی کار لەسەر حەز و خولیاکانیان بکەن، هەر لە منداڵییەوە حەزم لە مۆسیقایە، بەتایبەت مۆسیقای کوردی، کاتێک کارم دەکرد یان فەرشم دەچنی هەمیشە خەونم دەبینی کە ببمە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ، مۆسیقای ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی کێشە و سنووردارکردن بووەتەوە و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی ژنان لە بواری مۆسیقا، هێرش و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە نمایشی ژنانیش زیادی کردووە.

 

قەدەغەکردنی دەنگی ژنان لە ئێران و حەرامبوونی لە شەریعەتی ئیسلامی تا چ ڕادەیەک ڕێگر بوو لەوەی بتوانیت یان ئامادە نەبیت گۆرانی بڵێیت؟

 

هونەر لە هەر فۆرمێکدا بێت من بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، جا چ لە شیعر و مۆسیقا یان هەر بوارێکی تر، چونکە مرۆڤ لە هونەری ژیاندا ناژی، ئێستا بیهێنە بەرچاوت کە هونەر بەم هێز و جوانییە ناتوانێت بەدەست ژنەوە بێت، بە درێژایی مێژوو ژنانی ئێرانی بە هۆی هۆکاری فەرهەنگی و مەزهەبی و تابۆی ڕەگ و ڕیشەی لە پێشوەختەیی بەرامبەریان، ئامادەیییەکی سنوورداریان لە بواری چالاکییە موزیکییەکان هەبووە.

 

وە تەنها توانیان لە بازنەی تایبەتی ژنان نمایش بکەن و تەنها لەبەر ژن بوون لە کۆمەڵگەی ئێراندا ناچارین بە نهێنی و تەنها بۆ خۆمان گۆرانی بڵێین، چونکە هەر لە منداڵییەوە پێمان دەوترێت کە تەنانەت نابێت بە دەنگی بەرز لەبەردەم خەڵکدا قسە بکەیت، چ جای گۆرانی وتن، هەندێک جار کە باوکم دەنگی منی دەبیست، دەیوت کچەکەم نابێت ڕێگە بە کەسێکی نامۆ بدەیت گوێی لە دەنگی تۆ بێت چونکە حەرامە، بە جۆرێک تەنانەت گۆرانی وتنیان بە مۆسیقای پیاوانە دەزانی.

 

ئایا ژنێکی تر دەناسیت کە حەزی لە گۆرانی وتن بێت؟ دەتوانن باسی ئەزموون و کێشەکانی ڕێگاکەیان بکەن؟

 

بەڵێ هەمیشە لەگەڵ هاوڕێکەم گۆرانیمان دەوت و هەردووکمان خەونمان بەوە دەبینی ڕۆژێک بەبێ ترس گۆرانی بە دەنگی بەرز و ڕوون بۆ هەمووان بڵێین، بەڵام هێشتا سنووردارکردنی کولتووری و کۆمەڵایەتی زاڵە و زۆرێک لە گۆرانیبێژانی ژن ناوی ساختەیان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی ناسنامەی خۆیان و بەزۆری بنەماڵەکانیان پشتگیریان ناکەن.

 

هەرچەندە زۆرێک لە ژنان تابۆیان شکاندووە و گۆرانی دەڵێن و کوردستان و ئێرانیش گۆرانیبێژی گەورەیان بینیووە، بەڵام وا دیارە هێشتا زۆرێک لە ژنان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هونەری گۆرانی وتن ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە.

 

ئەگەر ژنە گۆرانیبێژێکی پیشەگەر کە دوای چەندین ساڵ لە مەشق و ماندووبوون گەیشتبێتە ئاستی باڵا و بیەوێت لە ئێران دەربکەوێت، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت پێویستە گۆرانیبێژانی دیکەی ژن و پیاو بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی لەگەڵیدا گۆرانی بڵێن، لەم جۆرە نمایشانەدا لە بنەڕەتدا دەنگی گۆرانیبێژی سەرەکی کە ژنە، بە ڕوونی نابیسترێت، گۆرانیبێژانی پیاو دەتوانن لە ژینگە پیشەگەرەکاندا مەشق و گۆرانی بڵێن و ئەلبووم بڵاوبکەنەوە و پارە پەیدا بکەن، گۆرانیبێژانی ژن هیچ کام لەم ئەگەرانەیان نییە، ئەم چەوساندنەوەیە ستەمێک نییە کە تەنیا ژنان بگرێتەوە، بەڵکو ستەمێکە کە دەچێتە سەر مۆسیقا و هونەریش و بەشێک لە مۆسیقا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەناو دەچێت.

 

ژنان چۆن دەتوانن ئەو دیوار و زنجیرانە بشکێنن؟ پەیامەکەت چییە بۆ ئەو ژنانەی ئارەزووی گۆرانی وتن دەکەن؟

 

ژنان لە هەموو وڵاتێکدا بوونەتە قوربانی هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەم چەوساندنەوەیە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بەپێی هەلومەرجەکان جیاوازە، بەڵام لە ئێراندا ڕوانگەی ئیسلامی و سێکسیستی و پیاوسالاری زۆر هەیە بۆ ژنان و بە ئاسانی ناتوانن لە هیچ بوارێکدا کار بکەن.

 

پێویستە ئەم ئاڵایە دابەزێنین و ئاڵای یەکسانی و ئازادی و مرۆڤایەتی لەسەر لوتکەی هەموو شارێک بەرز بکەینەوە، خۆزگە گۆرانیبێژی ژنان وەک کارێکی فەرمی و بەڕێز لە ئێراندا قبوڵ بکرایە و نەماندەبینی مافی گۆرانیبێژانی ژن پێشێل بکرێت.