گیای نەریتی لە پزیشکی چینیدا باشتر لە دەرمانەکانی ئێستا نەخۆشانی جەڵتەی دڵ دەپارێزێت

گیا نەریتییەکانی چین بە کلیلی دەرمانی نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵ دادەنرێت، ئاستراگالۆس  جۆرێکە لە ڕووەکی گوڵدار و ڕەگەکەی بۆ چەندین سەدە لە پزیشکی چینیدا بەکارهاتووە, کە لە دەرمانەکانی ئێستا بۆ تووشبووانی جەڵتەی دڵ باشترە و کاریگەری لاوەکی نیە.

ناوەندی هەواڵ

 

گیا نەریتییەکانی چین بە کلیلی دەرمانی باشتر بۆ نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵ دادەنرێت، توێژەرانی بەریتانیا بۆیان دەرکەوتووە کە ئاستراگالۆس کە جۆرێکە لە ڕووەکی گوڵدار و ڕەگەکەی بۆ چەندین سەدە لە پزیشکی نەریتی چینیدا بەکارهاتووە پێکهاتەیەکی تێدایە کە لە دەرمانەکانی ئێستا بۆ تووشبووانی جەڵتەی دڵ باشترە.

 

سەرەڕای ئەوەش، ئەم پێکهاتە پاککراوەی کە لەسەر بنەمای ڕووەکی دروستکراوە، نابێتە هۆی دروستکردنی هەمان ئەو کێشانەی کە ئەو دەرمانانە دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی، وەک لاوازکردنی سیستەمی بەرگری.

 

توێژەرانی زانکۆی نیوکاسڵ ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو ڕووەکە بەشێوەیەکی بەرچاو هەوکردن کەمدەکاتەوە لە دوای جەڵتەی دڵ، ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی دەریدەخات ئەو گەورەساڵانەی کە لە جەڵتەی دڵ چاکبوونەتەوە ئاستی لیمفۆسایدەکانیان کە جۆرێکە لە خانەکانی بەرگری زیادیکردووە و تووشی ئاڵۆزییەکانی کەمتر بوون، وەک ئازاری سنگ و جومگەکان.

 

هەوکردن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە جەڵتەی دڵ، کەمکردنەوەی هەوکردن بە ئامانجێکی سەرەکی و پێویستی چارەسەرکردن دادەنرێت بۆ جەڵتەی دڵ، ئەنجامی توێژینەوەکە نیشانیداوە کە ڕووەکە نەریتییەکە هەوکردنەکەی تا ٪٦٢ کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەندێک دەرمانی بەهێزی دژە هەوکردن دەرکەوتووە کە دەرەنجامەکان جەڵتەی دڵ باشتر دەکەن، بەڵام لە ئەنجامدا سیستەمی بەرگری لاواز دەکەن و مەترسی هەوکردنی توند زیاد دەکەن.

 

پسپۆڕانی نەخۆشخانەی زانکۆی جەیمس کوک بە یارمەتی ٩٠ نەخۆشی سەرووی تەمەنی ٦٥ ساڵ کە تووشی جەڵتەی دڵ بوون، تاقیکردنەوەیان کرد، بەشداربووان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی حەبێکی پلاسیبۆیان وەرگرتووە لە کاتی توێژینەوەکەدا، توێژەران لە سەرەتای تاقیکردنەوەکەدا پێوانەکردنی خوێنیان ئەنجامداوە و دوای شەش مانگ و دوای ساڵێک لە دەستکردن بە بەکارهێنانی دەرمانەکە تیمەکە چاودێری هەر کاریگەرییەکی لاوەکی خواردنی دەرمانە نوێیەکەیان کردووە، ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەوانەی ڕووەکە نەریتییەکەیان وەک چارەسەری وەرگرتووە کاریگەری لاوەکییان بە ڕێژەی ٪ ٣٠ کەمتر بووە لە چاو ئەوانەی کە پلاسیبۆیان خواردووە، ئەم کاریگەرییە نەرێنیانە بریتی بوون لە تا یان کێشەی پزیشکی نوێ کە دوای جەڵتەی دڵ پەرەی سەندووە.

 

جگە لە پاراستنی دڵ، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەم دەرمانە کە لە ڕووەکی ئەستراگالۆسەوە دێت یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کرۆمۆسۆمەکانی جەستە، ئاستراگالۆس ڕەگەزێکی گەورەی ڕووەکە کە زیاتر لە ٣٠٠٠ جۆری گیا و دارستانی بچووکی تێدایە و سەر بە خێزانی فاباسیایە، ڕەسەنی ناوچە مامناوەندەکانی نیوەگۆی باکوورە، بەتایبەتی ئاسیا و دەریای ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور.

 

بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەموو جۆرەکانی ئەستراگالۆس بە سوودبەخش نازانرێت، هەندێک جۆر دەتوانن ژەهراوی بن بۆ ئاژەڵ و دەبنە هۆی لۆکۆیزم کە حاڵەتێکی ژەهراویبوونە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار دەبێت، وەک هەر تەواوکەرێکی گیایی زۆر گرنگە پێش بەکارهێنانی ئاستراگالۆس ڕاوێژ بە پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی بکەیت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کاریگەرییەکەی بۆ پێداویستییە تایبەتەکانی نەخۆشەکە.