هەوڵ دەدات بە چاندنی تووتن ژیانی خۆی دەستبەر بکات

فاتمە ئەکمەن، کە لە بوومەلەرزەکەدا ماڵەکەی وێران بووە، کێڵگەیەکی لە تەنیشت چادرەکەیدا دروستکردووە و دەستیکردووە بە چاندنی تووتن، دەشڵێت: هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە کارکردن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- لە سامسور کە خەڵکی دوای بوومەلەرزەکە بێ ماڵ و حاڵ بوون و تووتن کە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە بۆ ڕزگاربوون لەو وێرانەیە، ژنان لە نێوان چادرەکاندا دەستیان بە چاندنی تووتن کردووە و دەڵێن "ژیان بەردەوامە"، ئەم ڕەنجەش لەپێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دەدەن.

 

فاتمە ئەکمەن ماڵەکەی لە ناوچەی جمهوریەتە و دوای بوومەلەرزەکە بە تەواوی وێران بوو، ئێستا لە چادرەکانی زوڵفەکار یڵماز نیشتەجێیە، کە کۆمۆنێکە و خەڵکی ناوچەکە دروستیان کردووە وتێیدا دەژین، فاتمە لە زەوییە چۆڵەکەی تەنیشت چادرەکەیدا دەستیکردووە بە تووتن چاندن، چونکە جگە لە تووتن هیچ سەرچاوەیەکی ژیانیان نییە و دەڵێت: تووتن بەرهەمدەهێنین و دەیفرۆشین، تا لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە کارکردن بۆ ژیانێکی نوێ.

 

لەو تووتنەی کە دەیچێنێت بژێوی ژیانی دابین دەکات

فاتمە ئەکمەن ڕایگەیاند، تووتن تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە، ناتوانن هیچ کارێکی تر بکەن و وتی: ئێمە تەنانەت دوای بوومەلەرزەکەش بێچارە بووین، ئەوانەی ئۆتۆمبێلێکیان هەبوو و تێیدا دەمانەوە، ئێمەش چەندین ڕۆژ لە دەرەوە ماینەوە، ئێستاش لە چادردا دەژین، هیچ چارەسەرێکی تر نییە، هیچ شتێکی تر نییە کە بتوانین بیکەین، ئێمە نازانین ئێستا چی بکەین و لەمەودوا چی ڕوودەدات، سەرەتا لێرە زەویمان هەڵکەند و دواتر تووتنمان چاند ئێستاش ئاوی دەدەین، دواتر وشکی دەکەینەوە، ئێمە بۆ پایز کێڵگەکانمان داخستبوو، بەڵام دوای ئەم بوومەلەرزەیە هەموو شتێک تیاچوو.

 

"ژیان بەردەوامە"

فاتمە ئەکمەن ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای هەموو شتێک ژیان بەردەوامە و ئەوان کار لەپێناو ژیان دەکەن، ژنان زۆرترین کار دەکەن دوای بوومەلەرزەکە، وتیشی: لە چادرەکاندا شەو و ڕۆژمان وەک یەکن، ئەگەر کار نەبێت، هیچ شتێک نییە کە ئێمە بتوانین بیکەین، ئێمە دەبێت نانەکەمان بەدەستبهێنین، بەیانیان هەڵدەستم، تا ئێوارە کار دەکەم و ئێستا لێرەم، زۆربەی ژنان کار دەکەن، پیاوان چی دەکەن ئەگەر ژن نەبێت؟ من لێرە بۆ خۆم و منداڵەکانم کار دەکەم، سەرەڕای هەموو شتێک، ژیان بەردەوامە، دوای ئەوەی تووتنمان چاند و فرۆشتمان و بژێوی ژیانمان پەیداکرد و پێداویستی خواردنمان بۆ خۆمان کڕی، ئەگەر ئەمە نەبێت، یەک فلسمان وەک سەرچاوەی داهات نییە.